رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هۆڵەندا بڕیاریدا گەمارۆی چەکی وڵاتەکەی لەسەر تورکیا، سعودیە و ئیمارات هەڵبگرێت، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و بەشداری سعودیە و ئیمارات لە شەڕی یەمەندا گەمارۆی چەکی خستبووە سەریان.
حکومەتی هۆڵەندا بە نامەیەک پەرلەمانی وڵاتەکەی لە هەڵگرتنی گەمارۆی فرۆشتنی چەک بە وڵاتانی تورکیا، سعودیە و ئیمارات ئاگادارکردوەتەوە.
حکومەتی هۆڵەندا لەو نامەیەدا ئاماژەی بە نەهێشتنی "یاسای رەتکردنەوەی گریمانەیی" کردووە. بە گوێرەی ئەو یاسایە، فرۆشتنی چەک بە وڵاتانی تورکیا، سعودیە و ئیمارات رادەگرێت.
لە ساڵی 2019دا حکومەتی هۆڵەندا، هاوشێوەی چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپا، ناردنی چەکی بۆ تورکیا سنووردار کرد، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای تورکیا لە تشرینی یەکەمی ئەو ساڵەدا هێرشی کردە سەر ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی لە رۆژئاوای کوردستان. هۆکاری وەستاندنی ناردنی چەکیش بۆ ئیمارات و سعودیە بەهۆی بەشداری ئەو دوو وڵاتەوە بووە لە شەڕی نێوخۆی یەمەندا.
پێش گەمارۆکە، حکومەتی هۆڵەندا پارچەی تانک و ئۆتۆمبێلی گوللەنەبڕ و تەکنەلۆژیای تایبەت بۆ فڕۆکەی جەنگی بە تورکیا دەفرۆشت.
لە نامەکەی حکومەتی هۆڵەندادا هاتووە، لەگەڵ ئەوەی گەمارۆکەیان هەڵگرتووە، نابێت چەکی دروستکراوی هۆڵەندا لە "باکووری سووریا و یەمەن بەکاربهێنرێن".
بڕیارەکەی هۆڵەندا لە کاتێکدایە، 10 رۆژ لەمەوبەر و لە کاتی بەڕێوەچوونی لووتکەی ناتۆدا لە لیتوانیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رەزامەندی پیشاندا کە پرسی بە ئەندامبوونی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ رەوانەی پەرلەمانی وڵاتەکەی بکات.
لە 25-1-2023یشدا حکومەتی فینلاند گەمارۆی فرۆشتنی چەک و کەرەستە و تەکنۆلۆژیای سەربازی بۆ سەر تورکیا لابرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ