رووداو دیجیتاڵ
سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز دەکات و دەڵێت، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە رووبەڕووی رق و کینەی ئایینی دەبێتەوە.
رۆژی هەینی، 21ـی تەممووزی 2023، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ باڵیۆزانی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی کۆبووەوە.
ستیڤان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە گوتی، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز "هاوسۆزیی خۆی لەگەڵ کۆمەڵگەی موسڵمان دەربڕی، سەرکۆنەی کارەکانی یەکدی قبووڵنەکردن، تووندوتیژی و رق و کینەی بەرامبەر ئیسلام کرد" و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کارانە "گرژییەکان زیاد دەکەن و دەبنە هۆکاری زیادبوونی جیاکاری و پەڕگیربوون".
کۆبوونەوەکە دوای ئەوە هات، رۆژی پێنجشەممە، 20-7-2023 سەلوان مۆمیکا، پەناخوازی عێراقیی دانیشتووی سوێد هەوڵیدا کۆپییەکی قورئانی پیرۆز لە ستۆکهۆڵم بسووتێنێت و سووکایەتیشی بە ئاڵای عێراق کرد.
پێدانی مۆڵەت بە مۆمیکا بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات لە لایەن پۆلیسی سوێدەوە، بووە هۆی توڕەبوونی موسڵمانان لە عێراق و بەرەبەیانی رۆژی 20ی مانگ دەیان کەس کە زۆربەیان لایەنگری رەوتی سەدر بوون هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوێد و بەشێکیان سووتاند.
حکومەتی عێراقیش رێکاری گرتەبەر و هەر رۆژی پێنجشەممە داوای لە باڵیۆزی سوێد لە بەغدا کرد وڵات جێبهێڵێت؛ حکومەتی عێراق هەڵسووڕێنەری کارەکانی لە باڵیۆزخانەکەی لە ستۆکهۆڵم گەڕاندەوە.
ئەوەی زیاتر عێراقییەکانی توڕەکرد ئەوەبوو کە رۆژی 28-6-2023ش ئەو پەناخوازە سوێدییە لە بەردەم یەکێک لە مزگەوتەکانی ستۆکهۆڵم کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند و دواتر حکومەتی عێراق داوای لە حکومەتی سوێد کرد کە نابێت رێگە بدرێت ئەوە جۆرە کارانە لە وڵاتەکەی دووبارە ببنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ