رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی ڤێسێلێ لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا، گەنمێکی زۆر پێگەیشتووە و دروێنە دەکرێت. بڕیاربوو ئەو گەنمەی دروێنە دەکرێت، لە رێگەی بەندەرەکانی دەریای رەش هەناردە بکرێت، بەڵام کشانەوەی رووسیا لە رێککەوتنی دانەوێڵە هاوشێوەی بازاڕەکانی جیهان، نیگەرانی لەنێوخۆی ئۆکرایناش دروستکردووە.
لیودمیلا مارتینیوک، بەڕێوەبەری کۆمپانیای کشتوکاڵی دەڵێت، "کۆتاییهاتنی رێککەوتنی دانەوێڵە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووریی کۆمپانیاکانمان و دەوڵەتیش دەبێت، چونکە ناتوانین بەو نرخە گەنم بفرۆشین کە ئەوروپا پێشنیازی کردووە و تێچووەکانمان پڕ ناکاتەوە".
بیلێنکۆ خاوەن کێڵگەیەکی ئۆکراینییە و دەڵێت، ماوەیەکی زۆرە رێککەوتنی دانەوێڵە تەنیا بووەتە مەرەکەبی سەر کاخەز، ئێستا رێگەچارەیەکی ئەوان بۆ فرۆشتنی گەنم و بەرهەمەکانی دیکەیان ئەوەیە لە رێگەی رۆمانیاوە هەناردەی بکەن، بەڵام رێگەی رۆمانیا 200 کیلۆمەتر دوورترە، ئەوەش تێچووی گواستنەوەی زیاتر دەکات، ئەمە جگە لە هەرزانیی نرخەکەی.
ڤیتالیێ بیلێنکۆ، خاوەن کێڵگە و بەڕێوەبەری گرووپی بازرگانیی کشتوکاڵی گوتی، "سستبوونەوەی رێککەوتنەکە پێشتریش کاریگەریی لەسەرمان هەبووە کە قەبارەی بازرگانی دابەزی یان هیچ بازرگانییەک نەدەکرا، ژمارەی ئەو کەشتییانەشی دەهاتنە بەندەری ئۆدێسا کەمببوونەوە".
پێنج وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا بۆ پاراستنی نرخی دانەوێڵە لە بازاڕی نێوخۆییان، هاوردەی دانەوێڵەی ئۆکراینایان قەدەخەکردووە. بەر لە هێرشی رووسیا، نرخی تۆنێک گەنم لە بازاڕە نێوخۆییەکانی ئۆکراینا نزیکەی 270 دۆلاربوو، ئێستا بۆ نزیکەی 120 دۆلار دابەزیوە.
ئۆکراینا خاوەن نزیکەی 30 ملیۆن هێکتار زەویی کشتوکاڵییە و راگرتنی هەناردەی بەرهەمەکانی، ترسی ناسەقامگیریی ئاسایشی خۆراکی دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ