نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: بۆ رووداوەکەی ئیتاڵیا داوای هاوکاریمان لێنەکراوە

21-06-2024
سینان تونجدەمیر
وێنەیەکی بەلەمەکەی کۆچبەران.
وێنەیەکی بەلەمەکەی کۆچبەران.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند، هیچ کەس و لایەنێک داوای هاوکاری لێنەکردوون بۆ دۆزینەوەی تەرمی کۆچبەرانی بەلەمە تێکشکاوەکەی ئیتاڵیا.
 
رۆژی دووشەممە بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا تێکشکا، بەلەمەلە کە 76 کۆچبەری تێدابوو و زۆربەیان کورد بوون، تەنیا 12یان رزگارکران و ئەوانی دیکە بێسەروشوێن بوون، بە گوتەی هێزە دەریایی ئیتاڵیا، تائێستا 20 تەرم دۆزراونەتەوە و 46ەکەی دیکە بێسەروشوێنن.
 
جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە کاربەدەستانی ئیتاڵیا کرد، تەرمی ئەوانەی لە دەریادا ماون، بدۆزنەوە.
 
بە گوتەی هێزە دەریاییە ئیتاڵییەکە، کۆی گشتیی ئەو تەرمانەی کە لە نزیک شوێنی تێکشکانی بەلەمەکە دۆزراونەتەوە، گەیشتە 20 تەرم. 
 
موژدە عومەر، هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان کە لە کارەساتەکە رزگاریبووە، رۆژی پێنجشەممە، لە نەخۆشخانەیەکی شاری سۆڤێراتۆی ئیتاڵیا بە زنار شینۆ، نێردراوی رووداوی گوت، بەلەمەکە رۆژی پێنجشەممە، 13ی حوزەیران لە شاری بۆردروومی تورکیا بەڕێکەوتبوو. 
 
رزگاربووێکی دیکەی رووداوەکە کە هاونیشتمانیی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بە ناوی روئیا محیەدین، بە نێردراوی رووداوی گوت: "سێ رۆژ و نیو لەنێو بەلەمەکەدا بووین و هیچ کێشەیەکمان نەبوو،" بەڵام دواتر وەک دوو رزگاربووەکە باسی دەکەن، کۆچبەرەکان برسی و تێنوو بوون. کاپتنی بەلەمەکە و چەند کۆچبەرێک هەوڵیانداوە لە پشتەوە سندووقی ئاو و خۆراک دەربێنن، لەو کاتەدا ماتۆری بەلەمەکە گڕیگرتووە و بەلەمەکە کونبووە. 
 
روئیا دەڵێت، کۆچبەران هەوڵیاندا ئاوەکە فڕێبدەنە دەرەوە، بەڵام نەیانتوانی، لە ئەنجامدا بەلەمەکە سەرەتا کەوتە سەر لا و خەڵکە شەکەت، برسی و تێنووەکە کەوتنە نێو دەریا، "نیوەیان هەر ئەو کات گیانیان لەدەستدا. 35-40 کەسیش خۆیان بە بەلەمەکەوە گرت تا راست بووەوە." واتە بەلەمەکە بە ماتۆڕی تێکشکاوەوە، سەرئەوکاتەوە. 
 
روئیا هەروەها دەڵێت: "ماوەی چوار رۆژ بێ خواردن و خواردنەوە ماینەوە،" تا ئەوکاتەی یەختێکی گەشتیاری فریای هاوارەکانیان کەوت. 
 
شوێنی تێکشکانی بەلەمەکە دەکەوێتە دووری 190 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی کالبریا. 
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ فەرحان حەق: 
 
رووداو: دووشەممەی رابردوو بەلەمێکی پەنابەران لە باشووری ئیتاڵیا نوقم بوو و تەرمی ژمارەیەک لە پەنابەران لە ئاوەکەدا ون بوون. ئایا تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتی دەنێرێت بۆ ئیتاڵیا بۆ گەڕان بەدوای تەرمە ونبووەکاندا؟
 
فەرحان حەق: داوای هاوکاری لە ئێمە نەکراوە بۆ ئەم رووداوە. بەڵام هیوادارین ئەو بەرپرسە ئیتاڵیانەی لەم بوارەدا کاردەکەن، کاری خۆیان بکەن و تەرمەکان بدۆزنەوە.
 
رووداو: سکرتێری گشتی چۆن داوای ئەوە دەکات کە ئەو جۆرە پەنابەرانە لە کاتی چوونیان بۆ وڵاتانی دیکە سەلامەت بن و هەروەها بۆ ئەوەی رووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبنەوە؟
 
فەرحان حەق: سکرتێری گشتی بەڕوونی باسی لەوە کرد، هەندێک بەرپرسیارێتی دیاریکراو هەن، چ بۆ ئەو وڵاتانەی کە پەنابەران بۆیان دەچن و چ بۆ ئەو وڵاتانەی کە وەک ترانزێت بەکاردەهێنرێن، چ لەو وڵاتانەی لەوێوە دێن. سکرتێری گشتی داوا دەکات هەموو ئەو دەوڵەتانە کاری هاوبەش بکەن بۆ ئەوەی بتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەم قەیرانانەدا بکەن. سەبارەت بە رۆژی جیهانی پەنابەران، بەڕێز گراندی لێدوانێکی داوە کە ئێوە دەتوانن سەیری بکەن.
 
رووداو: هەندێک رەخنە لە یاساکانی وڵاتانی ئەورووپا بۆ پەنابەران دەگیرێن. وەک دەزانرێت وڵاتانی ئەورووپا یاسای نوێ لە دژی پەنابەران دەردەکەن و دیواریش دروست دەکەن. وەڵامتان چییە بۆ ئەوان؟
 
فەرحان حەق: دەتوانن بزانن سکرتێری گشتی چی گوت. جارێکی دیکە، پێویستە ئەم پرسە لە نێوان هەموو ئەو وڵاتە پەیوەندیدارانەی کە پەنابەران لێیەوە دەڕۆن، وڵاتانی ترانزێت و ئەو وڵاتانەی کە پەنابەران بۆی دەچن، چارەسەر بکرێت. ئەو وڵاتانە دەبێت دڵنیابن لەوەی پەنابەران مافیان هەیە و دەبێت رێز لە کەرامەتیان بگیرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاگری دارستانەکانی ئاریزۆنا. وێنە: AFP

لە سێ رۆژدا 3,700 دۆنم دارستانی ویلایەتی ئاریزۆنای ئەمریکا سووتاوە

سێ رۆژە ئاگر لە دارستانەکانی رۆژهەڵاتی ویلایەتی ئاریزۆنا لە باشووری ئەمریکا لە نزیک سنوورەکانی مەکسیک کەوتووەتەوە و هێشتا کۆنتڕۆڵنەکراوە، تیمە فریاگوزارییەکان توانیوویانە تاوەکو ئێستا تەنیا 19٪ی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.