سێ راپرسی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا: پارتی بەرەی نیشتمانی 34%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە هاووڵاتییانی فەرەنسا ترسی ئەوەیان هەیە پارتی بەرەی راستڕۆی تووندئاژۆی دژە کۆچبەر سەربکەوێت، هەربۆیە دەستیان بە خۆپێشاندان کردووە.
جولین رادیلۆ، قوتابی دەڵێت، "زۆر دەترسم پارتی بەرەی نیشتمانی لە دەسەڵاتدا ببینم، سەرۆکوەزیرانیش لە خۆیان بێت. ئەمە ترسێنەرە. دەزانین هەر وڵاتێک رژێمەکەی راستڕۆی تووندئاژۆ بێت، سنوور بۆ مافە سەرەتاییەکان دانراوە."
پارتی بەرەی نیشتمانی تەنیا چاوی لە زیادبوونی دەنگەکانی نییە، بەڵکو دەیەوێت زۆرینە بەدەستبهێنێت و بەبێ هاوپەیمانی حکومەت پێکبهێنێت.
دوێنێ، جۆردان باردێلا، سەرۆکی پارتەکە گوتی، بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانیان، پێویستە زیاتر لە 50%ی دەنگەکان ببەنەوە، ئەگەر نا، مەرج نییە بچنە حکومەتێکەوە کە نەتوانن بەڵێنەکانیان ببەنەسەر.
بەشێک لە فەرەنسییەکان چاویان لە هاوپەیمانێتیی چەپەکانە بۆئەوەی بتوانن رێگری لە سەرکەوتنی پارتی بەرەی نیشتمانی بکەن.
کریستیان دیلاروی، چالاکڤان دەڵێت، "ژمارەیەک هەڵە کراون، بەڵام هێشتا هەندێک دەرفەت هەن. ئەو هاوپەیمانێتییە نوێیەی دروستبووە، کارەکە دەکات، چاودێریی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، کۆمەڵەکان و سەندیکاکان دەکەین، بۆئەوەی دڵنیا ببینەوە کە بە یەکگرتوویی دەمێنینەوە، چونکە پێویستمان پێیەتی بۆئەوەی هەڵبژاردنەکە ببەینەوە."
پەرلەمانی فەرەنسا 577 کورسییە و پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە 288 کورسییە.
بەگوێرەی دوایین سێ راپرسی بۆ هەڵبژاردنەکە، پارتی بەرەی نیشتمانیی راستڕۆی تووندئاژۆ 34%ی دەنگەکان دەباتەوە؛ هاوپەیمانیی چەپەکان 27% و هاوپەیمانیی بەیەکەوە کە پارتەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای تێدایە 21%ی دەنگەکان دەبەنەوە.
بلەوین ئەولنتە، هاووڵاتی دەڵێت، "بە هەستانەوەی پارتی راستڕۆی تووندئاژۆ، روونە کە داواکانمان بۆ پاراستنی زۆربەی بەهاکانمان دەکەونە ژێر پرسیارەوە. لەوانە مافی لەباربردنی منداڵ، کە پرسێکی زۆر ئاڵۆزە."
رۆژی 30ی ئەم مانگە خوولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا دەکرێت؛ خوولی دووەمیش 7ی تەممووزی ئەم ساڵ.