گەرما کارەبای چەند وڵاتێکی بەڵقان دەبڕێت
رووداو دیجیتاڵ
چەند وڵاتێکی رۆژئاوای بەڵقان بەهۆی شەپۆلی گەرماوە کارەبایان لەسەر بڕا. شارەزایان دەڵێن، گەرماکە لە ئەفریقاوە چووە.
بەڵقان ناوچەیەکی جوگرافییە و دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئەورووپا، هەریەک لە سربیا، ئەلبانیا، یۆنان، کرواتیا، کۆسۆڤۆ، مۆنتینێگرۆ، بولگاریا، رۆمانیا، سلۆڤینیا، ماسەدۆنیای باکوور و بۆسنیا لەخۆدەگرێت.
رۆژی هەینی 21-06-2024 پلەی گەرما لە پۆدگۆریکا، پایتەختی مۆنتینێگرۆ گەیشتە 38 پلەی سیلیزی و کارەبای وڵاتەکە کێشەی بۆ دروستبوو.
ساسا موجۆڤیک، وەزیری وزەی مۆنتینێگرۆ رایگەیاند، "کێشەی نەمانی کارەبا کێشەیەکی هەرێمییە و پەیوەندیی بە شەپۆلی گەرماوە هەیە. بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا زۆر بووە."
بەشێکی گەورەی باشووری هەرێمی دالماشیا لە کرواتیا بەهەمان هۆکار بێ کارەبا بوون. کۆمپانیای هێپ، دابینکاری سەرەکیی کارەبای کرواتیا دەڵێت، بەهۆی گەرماوە لە چەند ناوچەیەکی وڵات کارەبا بڕاوە.
لە سارایڤۆی پایتەختی بۆسنیای دراوسێی کرواتیا کارەبا پچڕا. کۆمپانیای دابینکاری کارەبای بۆسنیا دەڵێت، "بە دیاریکراوی کێشەکە دیار نییە، بەڵام ئەوەی لای ئێمە دیارە بەکارهێنانی زۆری کارەبا و خواستی زۆری هاووڵاتییانە."
هاوکات فلۆریان سێریانی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و وزەی ئەلبانیا پچڕانی کارەبای لە چەند بەشێکی وڵاتەکەی پشتڕاستکردەوە.
لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی ئاماژەیان پێ کرا، کارەبا لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی پچڕا و چەند کاژێرێکی خایاند. حکومەتی وڵاتەکانیش داوایان لە هاونیشتمانییانی خۆیان کرد، ئاگاداری خۆیان بن، ئاوی زۆر بخۆنەوە و نەچنە بەر تیشکی خۆر.
شارەزایانی کەشناسیی ئەورووپا دەڵێن، ئەو شەپۆلە گەرمایە لە ئەفریقاوە چووە.