هۆشداریی پووتین بۆ کۆریای باشوور: چەک بدەنە ئۆکراینا 'هەڵەیەکی گەورە' دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا هۆشداریی دایە کۆریای باشوور لەوەی "هەڵەیەکی گەورە" دەکەن، ئەگەر چەک بدەنە ئۆکراینا.
رۆژی پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024 ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هانۆی ڤێتنام گوتی، "ئەگەر کۆریای باشوور چەک بداتە ئۆکراینا، حەزی بە وەڵامەکەی نابێت. هیوادارم ئەو هەڵە گەورەیە نەکەن."
گوتەکانی پووتین دوای ئەوە هات، کە بەرپرسانی کۆریای باشوور دوای سەردانەکەی پووتین بۆ کۆریای باکوور رایانگەیاند، بیر لە پڕچەککردنی ئۆکراینا دەکەنەوە.
رۆژی سێشەممە 18ی حوزەیران، سەرۆکی رووسیا بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و کۆریای باکوور، گەیشتە پیۆنگیانگ و چەند گرێبەستێکیان لە بواری بەرگریدا واژۆ کرد.
گرێبەستەکانی نێوان کۆریای باکوور و رووسیا نیگەرانیی کۆریای باشووری لێکەوتەوە، ئەمڕۆ هەینی یون سۆک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور رێککەوتنەکەی بە "بێ مانا" ناوبرد.
کۆریای باشوور تاوەکو ئێستا جگە لە یارمەتیی مرۆیی، چەک و تەقەمەنیی بۆ ئۆکراینا نەناردووە؛ بەگوێرەی یاسای ئەو وڵاتەش، تەنیا دەتواندرێت "بۆ مەبەستی ئاشتییانە" چەک رەوانەی دەرەوە بکات.
هەروەها نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆریای باشوور رایگەیاند، بانگهێشتی باڵیۆزی رووسیایان لە سیئۆل کردووە، داوایان لە مۆسکۆ کردووە "دەستبەجێ هاوئاهەنگییە سەربازییەکانی لەگەڵ پیۆنگیانگ رابگرێت."
سەرۆکی رووسیا ستایشی کۆریای باکوور و رێبەرەکەیی کرد بەوەی بە تەواوەتی پشتگیریی مۆسکۆ دەکەن لە جەنگی ئۆکراینا، بەڵێنیشی دا هەردوو وڵات پێکەوە رووبەڕووی سزا "نایاسایی و تاکلایەنەکانی" رۆژئاوا ببنەوە.
ئەمە یەکەم سەردانی ڤلادیمیر پووتین بوو بۆ کۆریای باکوور لە ساڵی 2000ەوە؛ هەروەها یەکەم سەردانیەتی لەو کاتەوەی کیم جۆنگ ئوون لە ساڵی 2011وە دەسەڵاتی وەرگرتووە.
ئەم سەردانەی پووتین بۆ کۆریای باکوور لە کاتێکدا بوو، وڵاتانی رۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا، کۆریای باکوور تۆمەتبار دەکەن بەوەی چەک بۆ رووسیا دابین دەکات بۆئەوەی لە جەنگەکەیدا دژی ئۆکراینا بەکاری بهێنێت.