چەند کاتت پێویستە بۆ ئەوەی لە عێراق ببیتە ملیۆنێر بە دۆلار؟

رووداو دیجیتاڵ
 
بەپێی توێژینەوەیەکی ئابووری، کەسێک لە عێراق بۆ ئەوەی ببێتە ملیۆنێر بە دۆلار، زیاتر لە 154 ساڵی پێویستە. لە میسر 603 ساڵ و لە پاکستان 601 ساڵ، بەڵام ئەو ماوەیە لە سویسرا 14 ساڵ و لە قەتەریش 21 ساڵە، شارەزایەکی ئابووری دەڵێت، "پەیوەندیی بەوەوە هەیە لە عێراق ئاستی مووچە و کرێ کەمە".
 
هەردوو وێبسایتی picodi و numbeo کە تایبەتمەندن بە کەرتی ئابووری، توێژینەوەکانی دارایی و داتاکانی کرێی مانگانە و پێوانەکان، توێژینەوەیەکیان لەبارەی کاتی پێویست بۆ بوونە ملیۆنێر لە هەر وڵاتێک کردووە.
 
بەپێی توێژینەوەکە لە سویسرا کەمترین کاتت پێویستە بۆ ئەوەی ببیتە ملیۆنێری دۆلار، کە 14 ساڵ و سێ مانگە، میسریش لە کۆتایی لیستەکەدایە کە بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونە 603 ساڵ کاتت پێویستە.
 
توێژینەوەکە 102 وڵاتی بە نموونە وەرگرتووە، لە عێراق کەسێک بۆ ئەوەی ببێتە ملیۆنێری دۆلار 154 ساڵ و مانگێکی دەوێت، بەڵام لە قەتەر کە یەکەمی سەر ئاستی وڵاتانی عەرەبییە، 21 ساڵی دەوێت.
 
ئەمە ریزبەندی ئەو 10 وڵاتەیە کە کەمترین ساڵیان پێویستە بۆ ئەوەی تێیدا ببیتە ملیۆنێر :
 
1- سویسرا: 14 ساڵ و 3 مانگ
2- سەنگاپوور: 16 ساڵ و 11 مانگ
3- لۆکسمبۆرگ: 17 ساڵ و 4 مانگ
4- ئەمریکا: 19 ساڵ و 10 مانگ
5- ئایسلاند: 20 ساڵ و 11 مانگ
6- قەتەر: 21 ساڵ و 3 مانگ
7- ئیمارات: 23 ساڵ و 9 مانگ
8- ئوستڕالیا: 24 ساڵ و 3 مانگ
9- دانیمارک: 24 ساڵ و 6 مانگ
10- هۆڵەندا: 24 ساڵ و 9 مانگ
 
 
ئەو وڵاتانەی لە کۆتایی لیستەکەدان ئەمانەن:
 
1- پاکستان: 621 ساڵ و 3 مانگ
2- میسر: 603 ساڵ و 6 مانگ
3- ئۆگەندا: 523 ساڵ و 3 مانگ
4- نەیجیریا: 519 ساڵ و 1 مانگ
5- نیپاڵ: 420 ساڵ و 9 مانگ
 
مەحموود فایز، شارەزای ئابووری، پێیوایە ئەوەی وا دەکات عێراقییەک ئەو هەموو ساڵەی پێویست بێت بۆ ئەوەی ببێتە ملیۆنێر، کەمیی مووچەیە. ئەو ئابووریناسە بە رووداوی گوت، "ئەگەر کەسێک مووچەی مانگانەی یەک ملیۆن دینار بێت، کە بەشی ژیانیشی ناکات، ئەگەر پاشەکەوتیشی هەبێت زیاتر لە 150 ساڵی دەوێت تاوەکو دەبێتە ملیۆنێر، خراپی بژێویی لە عێراق و کەمی مووچە و کرێ بە گشتی هۆکاری سەرەکیییە عێراق لەو پلەیەدا بێت".
 
بەپێی توێژینەوەکەی ئەو دوو ماڵپەڕە کردوویانە، ئیماراتییەک پێویستی بە 23 ساڵ و 9 مانگ، عوممانییەک 38 ساڵ و 6 مانگ، کوێتییەک 41 ساڵ و 2 مانگ، سعودیەک 41 ساڵ و 10 مانگ، ئوردنییەک 134 ساڵ و 8 مانگ، عێراقییەک 154 ساڵ و 1 مانگ، لوبنانییەک 164 ساڵ و 3 مانگ، مەغریبییەک 215 ساڵ و 6 مانگ، تونسییەک 283 ساڵ و 3 مانگ، جەزائیرییەک 312 ساڵ و 7 مانگ و میسرییەک 603 ساڵ و 6 مانگی پێویستە بۆ ئەوەی ببێتە ملیۆنێری دۆلار.
 
کەسێک لە ئێران بۆ ئەوەی ببێتە ملیۆنێر 274 ساڵ و 5 مانگی دەوێت، لە ئۆکراینا 215 ساڵ و 10 مانگ، لە بەنگلادیش 331 ساڵ و 7 مانگ، لە تورکیا 200 ساڵ و 7 مانگ، لە ئیسرائیل 32 ساڵ و 9 مانگ و لە هیندستانیش 148 ساڵ و 5 مانگ کاتی دەوێت.