بایدن سەرۆکی چین بە 'دیکتاتۆر' ناودەبات

21-06-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا، شی جین پینگ، سەرۆکی چین بە "دیکتاتۆر" ناودەبات، ئەمەش لە دوای رۆژێک لە کۆبوونەوەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکی چین لە پەکینی پایتەخت.
 
رۆژی چوارشەممە، 21ی حوزەیرانی 2023، لە کاتی پێشکێشکردنی گوتارێکدا، جۆ بایدن هێرشی تووندی کردە سەر سەرۆکی چین و راشیگەیاند، شی جین پینگ شەرمەزاربووە بە رووداوی خستنەخوارەوەی بالۆنە سیخوڕییە چینییەکەی سەر ئاسمانی ئەمریکا لە مانگی شوباتی رابردوو. 
 
لە بەرامبەردا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وەڵامی لێدوانەکەی بایدنی دایەوە و رایگەیاند، ئەو لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا "نابەرپرسیارانە" بووە. 
 
لە گوتارەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی چین و سەرۆکەکەیەوە دەڵێت: "هۆکاری ئەوەی کە بۆچی شی جین پینگ زۆر تووڕە بوو، ئەوکاتە بوو بالۆنەکەمان خستەخوارەوە، کە پڕبوو لە کەرەستەی سیخوڕی، ئایا ئەو دەیزانی ئەو کەرەستانەی تێدابوو؟، ئەمە مایەی شەرمەزارییەکی زۆرە بۆ دیکتاتۆرەکان، لەوکاتەی نازانن چی روویداوە".
 
بالۆنەکە کە ئەوکات چین رایگەیاند، بالۆنی تایبەت بە چاودێریکردنی کەشوهەوا بوو، بە هەڵە چووەتە نێو ئاسمانی ئەمریکاوە، پێش ئەوەی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاوە تێکبشکێندرێت. 
 
دوای رووداوەکەش، واشنتن رایگەیاند، باڵۆنەکە سیخوڕی بووە و بەشێک بووە لە بەرنامەی هەواڵگریی چین بۆ کۆکردنەوەوی زانیاری لەسەر ئەمریکا، پێش ئەو رووداوە بڕیار بوو بلینکن سەردانی چین بکات، بەڵام ئەو رووداوە بووە هۆی دواخستنی سەردانەکەی، تاوەکو رۆژی 19ی ئەم مانگە سەردانە دوو رۆژییەکەی کرد. 
 
لە دوای لێدوانەکەی بایدن،  ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، رایگەیاند لێدوانەکەی بایدن "نابەرپرسیارانە و نالۆژیکی بووە" و دەشڵێ ئەو قسانە "دنەدانێکی راشکاوانەی سیاسییە" کە پێشێلکردنی نەریتە دیپلۆماسییەکانە. 
 
رۆژی 19ی ئەم مانگە بلینکن سەردانی پەکین کرد، ئەمەش یەکەم سەردانی بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بوو بۆ ئەو وڵاتە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکی چین کۆبووەوە. سەبارەت بە سەردانەکەش، شی جین پینگ رایگەیاند ئەو سەردانە بووەتە هۆی پێشڤەچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات. بلینکنیش رایگەیاند، هەردوولا ئامادەن بۆ گفتوگۆی زیاتر لە ئایندەدا.
 
سەرەڕای ئەوەش هەردوو وڵات بۆچوونی جیاوازیان لەسەر چەندین پرس هەیە بەتایبەتی لەبارەی جەنگی ئۆکراینا و پێگەی تایوان. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا