لە پاریس بەهۆی تەقینەوەی گاز چەند باڵەخانەیەک گڕیان گرتووە و 24 کەس بریندارن

رووداو دیجیتاڵ

لە پاریس ئاگر کەوتەوە و 24 کەس بریندار بوون، کە بەشێکیان برینەکەیان سەختە، هۆکاری ئاگرەکە لێچوونی گاز بووە لە یەکێک لە باڵەخانەکان.
 
رۆژی چوارشەممە 21ـی حوزەیرانی 2023، لە بازنەی پێنجی پاریس، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە، لە باڵەخانەیەک کە دواتر ئەو باڵەخانە و باڵەخانەیەکی نزیکی داڕمان، ئاگر کەوتەوە و بەو هۆیەوە تائێستا 24 کەس بریندارن، چوار کەس لە بریندارەکان برینیان سەختە. 
 
شایەتحاڵێک بە میدیای فەرەنسی راگەیاندووە، گوێیان لە دەنگێکی بەرز بووە، پێدەچێت تەقینەوەی گاز بووبێت.
 
لوبانا ئەتا، گوتەبێژی پۆلیسی پاریس رایگەیاند "ئاگرەکە بەهۆی لێچوونی گاز لە یەکێک لە باڵەخانەکان کەوتووەتەوە."
 
ژێرالد دارمانین، وەزیری نێوخۆی فەرەنسا، داوا لە خەڵک دەکات تاوەکو ئاگرەکە کۆنترۆڵ دەکرێت، لە شوێنی رووداوەکە دوور بکەونەوە.