لە ئەڵمانیا هۆشداری لە زیادبوونی تووندڕەوەکان دەدرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەڵمانیای خاوەن بەهێزترین ئابووریی ئەوروپا بە سەروو 15 ملیۆن پەناخواز و پەنابەرەوە، خەریکە هاوشێوەی سییەکان و چلەکانی سەدەی رابردوو، چیرۆکی تووندڕەوی و پەڕگیری تێیدا دووبارە دەبێتەوە.
 
لە هەرێمی ساکسۆنی، لەوپەڕی رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا، پیاوێک بەناوی پیتەر، سەرزەمینێکی بەناوی "شانشینی ئەڵمانیا" دروستکردووە و خۆشی بە شاکەی داناوە. پیتەر، هاووڵاتیی ئەڵمانیا و چالاکڤانی راستڕۆ دەڵێت، "پاسپۆرتی خۆمان و دراوی خۆمان و کارتی بانکیی خۆمانمان هەیە."
 
شانشینە گریمانەییەکەیان نزیکەی 5000 ئەندامی هەیە و چاوی لەوەیە هەموو ئەڵمانییەک دوای بکەوێت. ئەوان باوەڕیان بە ئەڵمانیای نازی هەیە و دان بە دەسەڵاتی ئەڵمانیای دوای جەنگی جیهانیی دووەمدا نانێن.
 
رۆژی 07-12-2022 هێزە ئەمنییەکانی ئەڵمانیا هێرشێکی چەکدارییان بۆسەر پەرلەمان پووچەڵ کردەوە و مارکۆ بوشمان، وەزیری داد لە تویتەر هۆشداریی دا لە مەترسییەکانی سەر دیموکراسییەتی ئەڵمانیا و ئاماژەی بە بزووتنەوەی هاووڵاتییانی رایخ کرد، کە بزووتنەوەیەکی راستڕۆوە.
 
پیتەر سەر بەو بزووتنەوە نییە، بەڵام نایشارێتەوە ئامانجیان وەرگرتنی دەسەڵاتە و دەڵێت، "ئەوە ئامانجی ئێمەیە، وەرگرتنی دەسەڵاتی ئەڵمانیا ئامانجمانە، بەڵام ئەگەر گەل بیەوێت. ئەگەریش نەیویست با لەگەڵ ئەو شتەدا بژین کە خۆشحاڵیان دەکات."
 
هەواڵگریی ئەڵمانیا باس لە نزیکەی 39 هەزار ئەڵمانی دەکات کە لە ساڵی 2022دا پەیوەندییان بە گرووپە راستڕۆکانەوە کردووە؛ ساڵێك بەر لەوە ژمارەیان 34 هەزار بووە. هەواڵگریی ئەڵمانیا پێیوایە 14 هەزاریان باوەڕیان بە تووندوتیژی هەیە.
 
تۆماس هاڵدینڤانگ، سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگریی نێوخۆیی ئەڵمانیا رایگەیاند، "گەورەترین مەترسیی سەر دیموکراسییەت و ئاسایش هێشتا لە راستڕۆکانەوە دێت. پێمانوایە کەسانێکی زۆر هەن ئامادەن تووندوتیژی بەکاربهێنن تاوەکو بە ئامانجە تووندڕۆکانیان بگەن."
 
راستڕۆکان دژە کۆچبەرن و دەڵێن، دەبێت زۆربەیان بگەڕێندرێنەوە وڵاتی خۆیان. سەلمان مالیک، موسڵمانێكی دانیشتووی ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی ئەڵمانیایە، چەندین نامەی هەڕەشەئامێزی بۆ نێردراوە لەسەر ئەو مزگەوتەی کە دەیەوێت بیکاتەوە.
 
لە ساڵی 2022دا ژمارەی تاوانەکانی گرووپە راستڕۆکانی ئەڵمانیا بەراورد بە 2021 بە نزیکەی 35% هەڵکشاوە؛ هێرشە تووندوتیژییەکانیش لە 55% زیادیان کردووە؛ زۆربەیان لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا دژ بە کۆچبەران ئەنجامدراون.
 
نیگەرانییە گەورەکە لە جووڵە سیاسییەکەیە کە خۆی لە زیادبوونی ژمارەی کورسیی راستڕۆکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا دەبینێتەوە.