کۆنگرێس لە هەوڵەکانی ترەمپ "بۆ گۆڕینی" ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوو لێکۆڵینەوە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرێس لە کارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا تەواو نەبوون؛ کۆنگرێسی ئەمریکا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە رووداوی هەڵکوتانەسەر کۆنگرێس لەلایەن لایەنگرانی ترەمپەوە کە لە 6ـی کانوونی دووەمی 2021 لە سەروبەندی راگەیاندنی سەرکەوتنی جۆ بایدن بەسەر ترەمپدا لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەدا روویدا.
پارتی دیموکرات واتە پارتەکەی بایدن دەڵێت، ئەوەی روویدا کارێکی پلان بۆ دانراوی سەرۆکە کۆمارییەکە بوو و تۆمەتباری دەکەن بەوەی کە چەندین رۆژ پێش رووداوەکە، بە بڵاوکردنەوەی دەنگۆی هەبوونی ساختەکاری و ناشەفافی هەڵبژاردنەکە، لایەنگرانی هانداوە تاوەکو بە "هێز" ترەمپ لە سەرۆکایەتیدا بهێڵنەوە.
دانیشتنی ئەمشەوی کۆنگرێس کە لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە دەکرێت تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە "گوشارەکان"ـی ترەمپ بۆسەر بەرپرسانی بەشێک لە ویلایەتەکان بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن بگۆڕن.
ئەندامانی لیژنەکە دەڵێن، بەڵگەیان هەیە کە ترەمپ و هاوپەیمانەکانیی، گوشاریان خستووەتە سەر بەرپرسانی بەشێک لە ویلایەتەکان کە حاکمەکانیان کۆماریین بۆ ئەوەی دەنگەکانی بایدن بۆ ترەمپ هەژمار بکەن.
ئەمشەو لیژنەکە گوێ لە ژمارەیەک بەرپرسیی کۆماری دەگرێت کە دەگوترێت ترەمپ هەوڵی لەگەڵ داون بۆ ئەوەی دەنگی ملیۆنان دەنگدەر لەسەر "بانگەشەی بێبنەما" بگۆڕن.
راوێژکارێکی لیژنەکەی کۆنگرێس دەڵێت، "دۆناڵد ترەمپ دەیزانی هیچ ساختەکارییەکی گەورە نەکراوە؛ دەیزانی ئەو بانگەشانە بێبنەمان؛ دەیزانی ژمارەکان بەو شێوەیە نەبوون بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بگۆڕدرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بەردەوامبوو لە هەڵمەتەکانی. ئەو دەیزانی ئەو بانگەشانە هەڵە بوون و تاوەکو دەهات زیاتر روون دەبووەوە کە دەکرێت ئەو هەڵمەتی گوشارەی سەر بۆ تووندوتیژی بکێشێت، بەڵام هەر درێژەی پێدا."