ئەمریکا بۆمبێكی 18 تۆنی بە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر تەقاندەوە


رووداو دیجیتاڵ

هێزی دەریایی ئەمریکا توانای کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی لە ئاست تەقینەوە گەورەکانی کاتی شەڕ تاقیدەکاتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا بۆمبێکی 18 تۆنی تاقیکردەوە.
 
هێزی دەریایی ئەمریکا بۆمبێكی 18 تۆنی لە دەوروبەری کەشتی فڕۆکەهەڵگری جێرالد فۆرد لە زەریای ئەتلانتیکی تەقاندەوە و لە ئەنجامدا کەشتییەکە بەبێ هیچ زیانێک لە تاقیکردنەوەکە دەرباز بوو.
 
تاقیکردنەوەکە لە چوارچێوەی ئەو پلانەیە کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دایناوە، تاوەکو ئاستی ئامادەیی سەربازیی وڵاتەکەی لە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ هەڵبسەنگێنێت.
 
ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە لەکاتێکدایە ئیدارەی بایدن لە هەڵکشانی سەربازی و ئابووری چین نیگەرانە  وهاوپەیمانی ناتۆش هۆشداری داوە لە نزیکبوونەوەی هێزی سەربازی چین لە ئاست هێزی سەربازی وڵاتانی ناتۆ.