تەندروستیی جیهانی: زیاتر لە 14 هەزار کەس لە خارکیڤی ئۆکراینا ئاوارە بوون
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 14 هەزار کەس لە رۆژهەڵاتی هەرێمی خارکیڤ لە ئۆکراینا ئاوارە بوون.
رووسیا لە 10ـی ئەم مانگەوە هێرشێکی زەمینی فراوانی بۆ سەر سوپای ئۆکراینا دەستپێکردووە.
رۆژی سێشەممە، 21ـی ئایاری 2024، ئارنۆ هابیت، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ئۆکراینا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری جنێڤی سویسرا گوتی، "لە دوو هەفتەی رابردوو، رووبەڕووبوونەوەیەکی توند لە هەرێمی خارکیڤ روویداوە".
ئارنۆ هابیت گوتیشی، "زیاتر لە 14 هەزار کەس لە چەند رۆژی رابردوودا ئاوارە بوون، نزیکەی 189 هەزار کەسیش تاوەکو ئێستا لە مەودای 25 کیلۆمەتر لە سنووری رووسیای فیدراڵ جێگیر بوون، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە ببنەوە".
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەو ئامارانەی کە بڵاویانکردووەتەوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی نێوخۆیی ئۆکراینا وەرگیراوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە دۆخی بریندارانی ئۆکراینا دەدات و دەڵێت، لەوەتەی جەنگی ئۆکراینا لە شوباتی 2022 دەستیپێکردووە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 هەزار کەس بەهۆی جەنگەکەوە کەمئەندام بوون.
کۆمیسیۆنی باڵانی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان UNHCR هۆشداری لە دۆخی ئاوارەکان لە هەرێمی خارکیڤ داوە.
UNHCR ئاماژە بەوە دەکات، لە هەرێمی خارکیڤ، کە ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە 200 هەزار کەسە، تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئۆکراینا توانیویانە زیاتر لە 10,300 کەس لە گوندە سنوورییەکانی هەرێمی خارکیڤ بگوازنەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان پلانی هەبوو بۆ ساڵی 2024 زیاتر لە 3.1 ملیۆن دۆلار وەکو هاوکاری دارایی بۆ ئۆکراینا بنێرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا 23٪ـی ئەو پارەیە کۆکراوەتەوە.