ئێران نەتەوە یەکگرتووەکان لە شوێنگرەوەی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوە ئاگادار دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نامەی فەرمی بۆ بەرپرسانی باڵای ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە، محەممەد موخبر، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار و عەلی باقری کەنی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران وەک شوێنگرەوەی کاتیی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمار و حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ناساند.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، ئەمیرسەعید ئیرەوانی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە جیا نامەی بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی و سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە ناردووە و بە فەرمی ئەو بەرپرسانەی لەوە ئاگادار کردووەتەوە کە محەممەد موخبر، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار و عەلی باقری کەنی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران وەک شوێنگرەوەی کاتیی ئیبراهیم رەئیسی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان دەستنیشانکراون.
 
لە نامەکەیەدا بۆ بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمیرسەعید ئیرەوانی دەڵێت: "لە کاتێکدا کە گەلی ئێران ماتەمینی ئەم خەسارە دڵتەزێنەیە، حکووەت بە پشتبەستن بە دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێران رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات لە نەبوونی سەرۆککۆماردا."
 
بەپێی دەستوور، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار بە رەزامەندی رێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، تاوەکو کاتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ لە ماوەیەکدا کە لە 50 رۆژ تێپەر نەکات، ئەرکەکانی سەرۆککۆمار دەگرێتە ئەستۆ.
 
لەسەر بنەمای ئەمەش، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار محەممەد موخبر، لە رۆژی دووشەممە، 20ی ئایاری 2024، تا ئەوکاتەی هەڵبژاردنی نوێی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەدەچێت، وەک شوێنگرەوەی کاتیی سەرۆککۆمار دەستبەکار دەبێت
 
نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەکەیدا ئاماژە بە شوێنگرەوەی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش کردووە و رایگەیاندووە، بەپێی بریارێکی کابینەی حکومەت، بەڕێز عەلی باقری کەنی، جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری سیاسی وەک سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوە دەستنیشانکرا.
 
ئەمیرسەعید ئیرەوانی داوای پشتگیری لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات: "پشتیوانی ئێوە و پشتیوانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زۆر گرنگە لە هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی ئەم کارەساتە و درێژەدان بە رێگەی ئاشتی و گەشەسەندن."
 
بەپێی مادەی 131ی دەستووری ئێران، بە فەرمانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، محەممەد موخبر، جێگری یەکەمی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران وەک  بەڕێوەبەری دەسەڵاتی جێبەجێکردن.
 
هەروەها بەپێی مادەی 135ی دەستووری ئەو وڵاتە، بە بڕیاری کابینەی حکومەتی ئێران، عەلی باقری کەنی، جێگری حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە، کرایە بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەو وڵاتە.
 
مادەی 131ی دەستووری ئێران
 
لە کاتی مردن، دەرکردن، دەستلەکارکێشانەوە، ئامادەنەبوون یان نەخۆشکەوتنی سەرۆککۆمار بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ یان لە حاڵەتێکدا کە ماوەی سەرۆکایەتی کۆمار کۆتاییهاتبێت و سەرۆککۆماری نوێ هەڵنەبژێردرابێت، بەهۆی ئاستەنگی یان بابەتی دیکەی لەو جۆرە، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار بە رەزامەندیی رێبەر، دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەکانی سەرۆککۆمار دەگرێتە ئەستۆ.
 
هەروەها ئەنجوومەنێک پێکدێت لە سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار کە ئەرکی ئەوە دەبێت، دۆخێک بهێنێتە ئاراوە بۆ ئەوەی لە ماوەیەک کە لە پەنجا رۆژ زیاتر نەبێت، سەرۆککۆمارێکی نوێ هەڵبژێردرێت. 
 
هەر بەپێی ئەم مادەیەی دەستووری ئێران، لە حاڵەتی گیانلەدەستدانی جێگری یەکەم یان بابەتی دیکە کە رێگری بکات لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی، یان ئەگەر سەرۆککۆمار جێگری یەکەمی نەبێت، ئەوا لەلایەن رێبەرەوە کەسێکی دیکە لە شوێنی دادەنرێت.
 
مادەی 135ی دەستووری ئێران
 
وەزیرەکان لە پۆستەکانیاندا دەمێننەوە تاوەکو ئەو کاتەی لە کارەکانیان دوورنەخرێنەوە یان لە ئەنجامی لێپێچینەوە یان داوای متمانەدان، پەرلەمان دەنگیان پێنادات.
 
دەستلەکارکێشانەوەی کابینە یان هەر یەکێک لە وەزیرەکان دەخرێتە بەردەم سەرۆککۆمار و کابینە بەردەوام دەبێت لە ئەرکەکانی تاوەکو کاتی راسپاردنی حکومەتێکی نوێ.
 
سەرۆککۆمار دەتوانێت سەرپەرشتیارێک بۆ ئەو وەزارەتانە دابنێت کە وەزیریان نییە بۆ ماوەیەک کە لە سێ مانگ تێپەر نەکات.