رووداو دیجیتاڵ
هیچ هەژمارێکی گووگڵت هەیە کە ماوەی دوو ساڵ بێت بەکارتنەهێنابێت، کەواتە هەر ئێستا بەکاریبهێنە، چونکە گووگڵ سیاسەتی خۆی نوێکردووەتەوە و ئەو هەژمارانە دەسڕێتەوە کە ماوەی دوو ساڵ دەبێت هیچ چالاکییەکیان نییە.
هەفتەی رابردوو کۆمپانیای گووگڵ سیاسەتی خۆی نوێکردەوە لەسەر بنەمای ئەوەی کاتێک خەڵک خزمەتگوزارییەک لە ئۆنلاین بەکاردەهێنن، دەیانەوێت سەلامەت و پارێزراو بن، بۆ ئەو مەبەستەش تەکنەلۆژیای نوێی بەکارهێناوە بۆ پاراستنی بەکارهێنەرانی لە هەڕەشە، لەوانە: سپام و دەرکردنی هەژمارەکان لەدەست خاوەنەکانیان.
لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵانە، گووگڵ دەڵێت: ئەوانەی هەژمارەکەیان بۆ ماوەیەکی زۆر کە بگاتە دوو ساڵ، بەکارنەهێنابێت، مەترسییەکە لەسەریان زیاترە. کۆمپانیاکە لێکۆڵینەوەی کردووە و توێژینەوەکانی دەریدەخەن، ئەو هەژمارانەی کە فەرامۆشکراون مەترسییەکە لەسەریان بەلایەنی کەمەوە 10 هێندەیە.
ئەگەر هەژمارێک بۆ ماوەی دوو ساڵ بەکارنەهێندرابێت، ئەوا هاککەران دەتوانن بە ئاسانتر زانیارییەکانی بدزن و بۆ مەبەستی دیکە بەکاریبهێنن کە دەبنە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئینتەرنێتی و ئاسایشی خاوەنی هەژمارەکەش.
لە راگەیێندراوێکدا کە لە نێوەڕاستی ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوە، گووگڵ ئاماژە بەوە دەکات: "ئەگەر هەژمارێک دوو ساڵ بێت بەکارنەهێندرابێت، لەوانەیە بیسڕینەوە، لەگەڵ سڕینەوەشیدا، هەموو داتاکانی هەژمارەکە دەسڕدرێنەوە، لەوانە، جیمەیڵ، دۆکیۆمێنت، گووگڵ درایڤ و گووگڵ فۆتۆس."
ئەو سیاسەتەی گووگڵ تەنیا بۆ هەژمارە کەسییەکانە و هەژماری دامەزراوە و بازرگانی ناگرێتەوە. هەرچەندە لە رۆژی راگەیاندنی سیاسەتە نوێیەکەوە کە نێوەڕاستی هەفتەی رابردوو بوو، بڕیارەکە چووە واری جێبەجێکردنەوە، خاوەنی هەژمارەکان کاتیان هەیە و تاوەکو کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ دەرفەتیان پێدراوە هەژمارەکانیان چالاک بکەنەوە.
گووگڵ دەشڵێت، لەپڕدا هەژمارەکەت ناسڕنەوە، پێش ئەوە چەند جارێک ئاگادارت دەکەنەوە.
چۆن هەژمارەکەت چالاک دەکەیتەوە؟
- خوێندنەوە و ناردنی ئیمەیڵ
- بەکارهێنانی گووگڵ درایڤ
- سەیرکردنی ڤیدیۆیەک لە هەژماری یوتیوبەکەت کە بە جیمەیڵ دروستتکردووە.
- دابەزاندنی بەرنامەیەک لە گووگڵ پلەی ستۆر
- گەڕان لە گووگڵ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ