لێکۆڵینەوەیەک: هیندییەکان زۆرترین کەسن کە داوای ڤیزەی شنگنیان رەتدەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ کە تایبەت بە " ڤیزەی شنگن" کراوە، دەردەکەوێت هیندییەکان لەنێو زۆرترین کەسانێکن کە داوای ڤیزەی شنگنیان رەتدەکرێتەوە.
 
ڤیزەی شنگن، سیستەمێکە تایبەتە بە 26 وڵاتی ئەوروپی کە 22 لەوانە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپان و لە ساڵی 1995وە چالاکە و وەرگری ڤیزەکە مافی هەیە سەردانی وڵاتانی ئەندام لە تۆڕی وڵاتانی شنگن بکات و مافی هەیە لە ماوەی 6 مانگدا لە رۆژی وەرگرتنی ڤیزەکە گەشت بۆ ئەو وڵاتانە بکات و کاتێک پێشی خستە سنووری ئەو وڵاتانە دەتوانێ بۆ ماوەی 90 رۆژ بمێنێتەوە و مافی نوێکردنەوەی ڤیزەکەی نابێت. 
 
هیندییەکان یەکێکن لەو هاووڵاتییانەی کە زۆرترین داواکاریی وەرگرتنی ڤیزەی شنگن پێشکێش دەکەن. هاوکات، زۆرترین رەتکردنەوەشیان بەردەکەوێت.
 
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی ئەوروپی کە پشتی بە داتاکانی تایبەت بە پێدانی ڤیزەی شنگن لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەستووە دەردەکەوێت 5 وڵاتی ئەوروپی هەن زۆرترین داواکاریی هیندییەکانی رەتکردوونەتەوە.
 
ئەو وڵاتانە کامانەن کە داواکاریی هیندییەکانیان رەتکردووەتەوە؟
 
لەڕووی رێژەوە، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، ئێستۆنیا لە %56ی داواکاری هیندییەکان بۆ ڤیزەی شنگنی رەتکردووەتەوە؛ بەوەش لە پلەی یەکەمدا دێت.
 
لە ساڵی 2022، هەزار و986 هاووڵاتی هیندستان فۆرمی ڤیزەی شنگنیان پڕکردووەتەوە، لەو ژمارەیە هەزار و 112یان رەتکراونەتەوە و تەنیا 874 داواکاری پەسەند کراون.
 
لە پلەی دووەم، ماڵتا دێت کە %50ی داواکانی رەتکردووەتەوە و لە هەزار و 220 داواکاری تەنیا 610یانی پەسەند کردووە.
 
هەر سێ وڵاتی سلۆڤینیا، لیتوانیا و هەنگاریا بەدوای یەک لە پلەی سێیەم، چوارەم و پێنجەمدا دێن؛ رێژەی رەتکردنەوەشیان بۆ هیندییەکان بە ریزبەند %44.5، لە %41.1 و %39.2 بوون.
 
لەڕووی ژمارەشەوە، هەردوو وڵاتی فەرەنسا و ئیسپانیا زۆرترین داواکارییان رەتکردووەتەوە کە لەلایەن هیندییەکانەوە پێشکێشکراون، فەرەنسا 27 هەزار ڤیزە و ئیسپانیا نزیکەی 15 هەزار ڤیزەیان رەتکردووەتەوە.