سکۆتلەندییەکان پرسی سەربەخۆیی گەرم دەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەتان سکۆتلەندیی سەربەخۆخواز چوونە سەر شەقامەکانی شاری گلاسکۆی سکۆتلەندا بۆئەوەی هەناسەیەک بە بزووتنەوەی سەربەخۆیی ئەو وڵاتە بدەنەوە. خۆپێشاندانەکەیان دوای ئەوە دێت، هاوژینی سەرۆکوەزیرانی پێشووی سکۆتلەندا بە بردنی 600 هەزار پاوەندی پارەی کۆکراوەی هەڵمەتی سەربەخۆیی تۆمەتبار دەکرێت.
تۆماس ماکئارتەر، هاووڵاتیی سکۆتلەندا دەڵێت، "سکۆتلەندا تەنیا پێنج ملیۆن کەسی تێدا دەژی. ئەگەر داهاتمان بۆ خۆمان بێت و بەو پارەیە هاوکاریی خەڵکەکەی خۆمان بکەین، هیچ هەژارێک لە وڵاتدا نابینین، هەربۆیە پێویستە سەربەخۆ بین."
ئێلی کیۆپیلینگەر، هاووڵاتیی سکۆتلەندا ئاماژە بەوە دەکات، "پێموایە ئەمە دەرفەتێکی مەزنە بۆ ئێمە، کە پەند لە رابردوو وەربگرین و درێژە بە هەنگاوە ئەرێنییەکانمان بدەین لە بزووتنەوەی سەربەخۆیی و تەماشای داهاتوو بکەین."
ئەو پرسی گەندەڵییە، بە زەرەر بۆ بزووتنەوەی سەربەخۆیی سکۆتلەندییەکان دەبیندرێت.
لە ساڵی 2014، لە گشتپرسییەکەدا، 55%ی سکۆتلەندییەکان دەنگیان بە نەخێر بۆ سەربەخۆیی دا و بڕیاریان دا لەگەڵ بەریتانیا بمێننەوە؛ بەڵام لە ساڵی 2016 نیکۆلا ستێرچن، سەرۆکوەزیرانی پێشووی سکۆتلەندا، پرسەکەی گەرمکردەوە و رایگەیاند، سکۆتلەندا ئامادەیە بۆ گشتپرسییەکی دیکە، دوای ئەوەی بەریتانیا بە گشتپرسییەک لە یەکێتیی ئەورووپا جیابووەوە.
بەگوێرەی دوایین راپرسی، ئەگەر ئێستا گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی سکۆتلەندا بکرێت، 41% بۆ 43%ی سکۆتلەندییەکان دەنگ بە بەڵێ دەدەن، کە ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2014، کەمترە، کە ئەوکات 44%ی سکۆتلەندییەکان دەنگیان بە بەڵێ دابوو.
سەرۆکوەزیرانی ئێستای سکۆتلەندا کە بە رەچەڵەک پاکستانییە، بە هەمان شێوەی سەرۆکوەزیرانی پێش خۆی، لەگەڵ سەربەخۆییدایە.
حەمزە یوسف، سەرۆکوەزیرانی سکۆتلەندا دەڵێت، "پرسی سەربەخۆیی و بەدەستهێنانەوەی سەربەخۆیی گەلەکەمان، لەلایەن سیاسەتمەدارانەوە بەدەست نایەت، بەڵکو لەلایەن خەڵکەوە بەدەستدێت."
لە تشرینی دووەمی 2022، دادگەی باڵای بەریتانیا، بزمارێکی دیکەی لە تابووتی سەربەخۆیی سکۆتلەندییەکان دا، دوای ئەوەی رایگەیاند، بڕیاری گشتپرسییەکی دیکە لە سکۆتلەندا پێویستی بە رەزامەندیی حکومەتی بەریتانیایە.