رووداو دیجیتاڵ
ماهیر لە گوندی پێترۆڤیچی لە رۆژهەڵاتی بۆسنیا رۆژانە وەکو هەر قوتابییەکی ئاسایی خۆی ئامادە دەکات و دەچێتە قوتابخانەی گوندەکەی، کە جگە لەو هیچ قوتابییەکی دیکەی تێدا نییە.
ماهیر بەهلولۆڤیچ، قوتابی دەڵێت، "سەرەتا وامزانی ناتوانم بەبێ هاوپۆل و هاوڕێ بخوێنم؛ بەڵام بە تێپەڕینی رۆژەکان و ساڵەکان، ئێستا وەک تاکە قوتابیی ئەم قوتابخانەیە راهاتووم."
پێترۆڤیچی گوندێکی دوورەدەستە و نزیکترین شارۆچکە 40 خولەک بە ئۆتۆمبێل لێی دوورە، بەڵام رێگەکەی سەخت و دژوارە.
لەگەڵ دەستپێکی جەنگی وڵاتانی بەلقان یان یۆگسلاڤیا لە 1991، دانیشتووانی گوندەکە ناوچەکەیان جێهێشت و نەگەڕانەوە، ئێستا تەنیا چەند خێزانێکی کەمی لێ دەژی. ماهیر تاکە دانیشتووی گوندەکەیە، کە کاتی چوونە قوتابخانەیەتی.
ئازیمە بەهلولۆڤیچ، دایکی ماهیر دەڵێت، "شتێکی باشە کە قوتابخانە لێرە هەیە. نەمتوانی ماڵم بگوازمەوە شوێنێکی دیکە، بۆیە کوڕەکەم ناچار بوو لێرە بمێنێتەوە و بخوێنێت. زۆر دڵخۆشم کە قوتابخانەکەی ئێرە کراوەیە و کوڕەکەم دەتوانێت بخوێنێت."
بەگوێرەی سیستمی پەروەردەی بۆسنیا، لە پێنج ساڵی یەکەمی قۆناخی سەرەتایی، یەک مامۆستا وانە بە قوتابییان دەڵێنەوە و دواتر مامۆستاکان بەگوێرەی وانەکان دادەنرێن. ماهیر ئێستا پۆلی دووە و تەنیا سێ ساڵی لە قوتابخانەکەی ماوە.
سەمیر کۆپیچ، مامۆستای ماهیر ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم قوتابخانەیە بۆ ماوەیەکی زۆر داخرابوو، ماهیر کردیەوە. ئەو بۆ ماوەی پێنج ساڵ لێرە دەخوێنێت و دواتر بەداخەوە لەبەر نەبوونی قوتابی، دەبێت قوتابخانەکە دابخرێتەوە."
دوای تەواوکردنی پۆلی پێنجی سەرەتایی، ماهیر دەگوازرێتەوە شارۆچکەی ئۆلۆڤۆ، چوار ساڵی دیکە لەوێ لەگەڵ هاوپۆل و هاوڕێ نوێیەکانی بەسەر دەبات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ