لە باسکی ئیسپانیا هەڵبژاردن دەکرێت و پێشبینی دەکرێت سەربەخۆخوازەکان براوە بن
رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی باسکی ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت. بەپێی راپرسییەکان، پێشبینی دەکرێت سەربەخۆخوازەکان زۆرترین دەنگی هەڵبژاردنەکە بەدەست بهێنن و ببنە پارتی دەسەڵاتدار.
رۆژی یەکشەممە لە هەرێمی باسک لە باکووری ئیسپانیا و سەر سنووری فەرەنسا، 13یەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمەکە بەڕێوەدەچێت، باسکییەکان 75 نوێنەر هەڵدەبژێرن.
بەپێی دوایین راپرسی، پێشبینیی دەکرێت هاوپەیمانیی ئی ئێچ بیڵدو "یەکێتیی هەرێمی باسک"، 35%ی دەنگەکان و لەنێوان 30 بۆ 33 کورسی بەدەستبهێنن. پارتی پی ئێن ڤی، میانڕۆکان، کە لە ساڵی 1980وە دەسەڵاتداری هەرێمەکەیە، دەنگەکانی کەم بکات و 34%ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت و ژمارەی کورسییەکانی بۆ 28 کورسی کەم ببنەوە، کە ئێستا خاوەنی 31 کورسییە و زۆرینەیە.
هاوپەیمانیی ئی ئێچ بیڵدو لە ژمارەیەک سەرکردەی پێشووی گرووپی "ئی تی ئەی" پێکدێت، کە بۆ ماوەی 59 ساڵ شەڕی چەکداریی دژی دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا کرد لەپێناو سەربەخۆیی باسکییەکان.
ئەو سەرکردانە لە ساڵی 2018، هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارتەیان راگەیاند، کە لەلایەن ئیسپانیاوە بە تیرۆریست ناودەبران. دواتر هاوپەیمانێتیی یەکێتیی هەرێمی باسک-یان پێکهێنا. ئێستا لەم هەڵبژاردنە چاوەڕوان دەکرێت زۆرینەی کورسییەکان ببەنەوە.
یەکێتیی هەرێمی باسک سەرنجی زیاتر لەسەر پرسەکانی تەندروستی، هەلی کار و نیشتەجێبوونە، بەڵام وەک هەمیشە پرسی پەیوەندی بە پارتی ئی تی ئەی-ەوە، پرسێکی گەرمی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکە بووە.
پارتی ئی تی ئەی، کە بەواتا "باسکی نیشتمان و ئازادی"، دێت، لەساڵی 2011، کۆتایی بە شەڕی چەکداری هێنا و لەساڵی 2018ش هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەی راگەیاند.
ئی تی ئەی لەماوەی زیاتر لە 50 ساڵ لە شەڕی چەکداریدا تۆمەتبار کرا بەوەی لە پشت چەندین کاری تیرۆرستی و تەقینەوە و رفاندنی خەڵکی سڤیل بووە. ئەو پارتە بە کوشتنی 829 کەس تۆمەتبار کراوە، کە 340یان سڤیل بوون.