هێزی ئاسمانیی رووسیا "بە هەڵە" شارێکی وڵاتەکەی بۆردوومان دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

فڕۆکەیەکی سوخۆی رووسی بە هەڵە شارێکی رووسیا لە نزیک سنووری ئۆکراینا بۆردوومان دەکات و سێ کەس بەهۆیەوە بریندار دەبن. 
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 20ـی نیسانی 2023، فڕۆکەیەکی سوخۆی-34ـی دەنگبڕی رووسی "بە هەڵە" بۆردوومانی شاری بێلگۆرۆدی رۆژئاوای رووسیای بۆردوومان کرد کە هاوسنوورە لەگەڵ شاری خارکیڤی ئۆکراینا. 
 
میدیای فەرمیی رووسیا لەسەر زاری وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکە "بە هەڵە چەک و تەقەمەنی بەرداوەتە خوارەوە" و لەنێو سنووری شارەکە کەوتووەتە خوارەوە. میدیای ئەمریکیش دەڵێت، فڕۆکە جەنگییەکەی رووسیا بۆمبێکی 500 کیلۆگرامی خستوەتە خوارەوە.  
 
بەگوێرەی دیمەنەکان دەردەکەوێت کە شەقامێکی شارەکە بەر بۆردوومانەکە کەوتووە و زیانی گەورەی بەرکەوتووە. وەزارەتی بەرگریی رووسیاش دەڵێت، لە ئەنجامی بۆردوومانەکە زیان بەر چەند باڵەخانەیەکیش کەوتووە و لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە. 
 
لای خۆیەوە ڤاچێسلاڤ گلادکۆڤ، پارێزگاری بێلگۆرۆد رایگەیاند، "لە تەقینەوەکەی دوێنێی شاری بێلگۆرۆددا سێ کەس بریندار بوون." 
 
ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای بێلگۆرۆد نزیکەی 340 هەزار کەس دەبێت؛ ناوەندی پارێزگاکە 40 کیلۆمەتر لە سنووری ئۆکرایناوە دوورە و پێشتر چەند جارێک کۆگاکانی چەک و تەقەمەنیی رووسیا لەو شارەدا کراونەتە ئامانجی هێرشە درۆنییەکانی ئۆکراینا.