تەندروستیی جیهانی: بەهۆی شەڕەوە لە سوودان 400 کەس کوژراون

21-04-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تەندروستیی جیهانی دەڵێت، سەروو 400 کەس لە هەفتەیەکی شەڕی سوودانەوە کوژراون و سەروو سێ هەزار و 500 کەسی دیکەش بریندار بوون. ئەوەش دوای ئەوە دێت کە لەسەر داوای نەتەوە یەکگرتووەکان سێ رۆژ ئاگربەست بەبۆنەی جەژنەوە راگەیێندرا. 
 
رۆژی هەینی 21ـی نیسانی 2023، مارگارێت هاریس، گوتەبێژی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە جنێڤی سویسرا رایگەیاند، "413 کەس [بەهۆی شەڕەوە لە سوودان] گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و 551 کەسی دیکەش بریندار بوون." 
 
هاوکات، یونیسێف دەڵێت، لانیکەم نۆ منداڵ لەنێو کوژراوەکاندان و سەروو 50 منداڵی دیکەش برینداربوون. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، لە 15ـی ئەم مانگەوە تاوەکو بەیانیی رۆژی هەینی، شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای سوودان بە سەرکردایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتیی محەممەد دەگەلۆ بەردەوام بوو. 
 
دواجار، بەیانیی رۆژی هەینی 21ـی نیسان، هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتیی محەممەد دەگەلۆ لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئاگربەستەکە هاوکاتە لەگەڵ جەژنی رەمەزان بۆ کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی بۆ گواستنەوەی خەڵکی و پێدانی دەرفەتی یەکبینین پێیان." 
 
راگەیاندنی ئاگربەست دوای ئەوە هات کە رۆژی پێنجشەممە 20ـی نیسانی 2023، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رۆژنامەڤانانی گوت، بە بۆنەی جەژنی رەمەزانەوە داوای "لانیکەم سێ رۆژ ئاگربەست" دەکەن و گوتی، "ئێمە لە ساتێکی زۆر گرنگی رۆژژمێریی موسڵماناندا دەژین. پێم وایە ئەمە کاتی گونجاوە بۆ ئەوەی ئاگربەستێک رابگەیێندرێت." 
 
گوتێرێز گوتیشی، لەگەڵ لایەنەکانی شەڕ لە پەیوەندیدان و "پێمان وایە کە دەتوانرێت ئەو کارە بکرێت کە داوای دەکەین." 
 
هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، نزیکەی 20 هەزار کەس بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە ناچاربوون ماڵەکانیان جێبێڵن و روو لە چادی دراوسێی سوودان بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.