لە باخچەیەکی ئاژەڵانی ئەمریکا راهێنان بە جرج دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

ئەوەی سەرەتای ڤیدیۆکە دەیبینن، باخچەی ئاژەڵانی سان دیگۆیە لە کالیفۆرنیا. نیکی بۆید، راهێنەری جرجە. ئەو بەشێک لە جرجەکانی راهێناوە بۆئەوەی بە بۆنکردن شت بدۆزنەوە؛ جرجێکیان لەم تاقیکردنەوەیەدا لەنێوان چوار توورەکەی شاراوە لەنێو خۆڵدا کە یەکێکیان پاشماوەی ئاژەڵی تێدایە، توانی بەسەرکەوتوویی دیاریی بکات.
 
نیکی کە توێژەری راهێنانی ئاژەڵانە دەڵێت، "جرج بچووکتر و وریاترە بەراورد بە سەگ. دەشتوانێت بچێتە شوێنی بچووکەوە. بە گوێرەی ئەو راهێنانەی پێی دەکرێت، شت دەدۆزێتەوە. تێچووی راهێنان پێکردنیشی کەمە."
 
کارمەندانی رێکخراوی "ئاپۆپۆ" کە کاری هەڵگرتنەوەی مین لە شاری مۆرۆگۆرۆی لە تەنزانیا دەکەن، هەمان جۆری جرج بەکاردەهێنن و راهێنانی دۆزینەوەی مینی پێ دەکەن.
 
بە گوێرەی رێکخراوەکە، لە ساڵی 1997ەوە تەنیا لە رێگەی جرجی ئەفریقییەوە، 150 هەزار مینیان هەڵگرتووەتەوە.
 
ئیزی سزۆت، توێژەرە و دەڵێت: "ئەوەی وامان لێدەکات جرجی ئەفریقی بەکاربهێنین ئەوەیە کە تەمەنی درێژە. ئەو ماندووبوونەی دەیبینین زوو بە فیڕۆ ناچێت. ئەو جۆرە جرجە نزیکەی 7 بۆ 8 ساڵ لە ژیاندا دەمێنێت؛ جرجێکمان لە تەمەنی 11 ساڵیدا مرد."
 
درێژیی جەستەی جرجەکە 25 بۆ 45 سانتیمەترە و کلکیشی لەنێوان 36 بۆ 46 سانتیمەترە، کێشیشی کیلۆیەک بۆ کیلۆ و نیوێکە. بە گەورەترین جرجی سەر زەوی ناسێندراوە.