رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا پیرۆزبایی جەژنی رەمەزان لە موسڵمانانی جیهان دەکات و دەڵێت، کاری موسڵمانانی کەنەدا بەرز دەنرخێنن.
جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا پیرۆزبایی جەژنی رەمەزان لە موسڵمانان دەکات و دەڵێت، "لە ڤانکۆڤەر و کالگرییەوە بۆ تۆرۆنتۆ و هالیفاکس، رێوڕەسمەکانی جەژن لە سەرتاسەری وڵات دەکرێنەوە."
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە راگەیێندراوێکیشدا بە بۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانەوە دەڵێت، "لەم رۆژەدا ئێمە کارە بێهاوتاکانی موسڵمانان لە کەنەدا بەرز دەنرخێنین کە بەردەوامن لە خزمەتکردن بەم وڵاتە"؛ گوتیشی، فرەچەشنەیی کەنەدا یەکێکە لە خاڵە بەهێزەکانی وڵاتەکە و "سەرچاوەی شانازیمانە."
کۆمەڵگەی کەنەدی، کۆمەڵگەیەکی فرەچەشنە و بەگوێرەی رووپێوێکی ساڵی 2019ـی فەرمانگەی ئاماری کەنەدا، زیاتر لە یەک ملیۆن و 775 هەزار موسڵمان لەو وڵاتەدا دەژین کە ئەوەش دەکاتە رێژەی 4.6٪ـی کۆی دانیشتووانەکەی.
جیاواز لە جارەکانی پێشوو، ئەمجارە ترودۆ باسی لە ئیسلامۆفۆبیا یانیش رق و کینە بەرامبەر ئاینی ئیسلام و موسڵمانانی نەکرد. ئەوە لەکاتێکدایە کە ترودۆ لە لێدوانەکانیدا بەردەوام دژی ئیسلامۆفۆبیا وەستاوەتەوە.
29ـی کانوونی دووەمی 2017، لە کاتی نوێژی خەوتنان چەکدارێک هێرشی کردە سەر مزگەوتێک لە شاری کیوبیکی رۆژهەڵاتی کەنەدا و لە ئەنجامدا 6 نوێژخوێن گیانیان لەدەستدا و 5 نوێژخوێنی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
دوو ساڵ لەمەوبەر، حکومەتی کەنەدا رایگەیاند کە رۆژی 29ـی کانوونی دووەم دەکرێتە رۆژی نەتەوەیی بۆ بیرهێنانەوە لە هێرشی سەر مزگەوتەکە و کردار دژی ئسلامۆفۆبیا.
دەقی پەیامەکەی جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بۆ جەژنی رەمەزان
سڵاوتان لێبێت. موسڵمانان لە کەنەدا و سەرتاسەری جیهان ئاهەنگ بەبۆنەی کۆتاییهاتنی مانگی رەمەزان و هاتنی جەژنەوە دەگێڕن. دوای مانگێک لە نوێژ و رۆژووگرتن، جەژن ساتێکە بۆ باوەڕ و رۆح؛ ساتێکە بۆ نەریتی کۆمەڵگە و دڵخۆشی و بەختەوەری. لە ڤانکۆڤەر و کالگرییەوە بۆ تۆرۆنتۆ و هالیفاکس، بۆنەکانی جەژن لە سەرتاسەری وڵات دەکرێنەوە. لەکاتێکیشدا ئێوەی [موسڵمان] ئەمساڵ کۆدەبنەوە، کەنەدییەکان کارەکانتان بەرز دەنرخێنن. لە خێزانەکەمەوە بۆ ئێوە، من و سۆفیی [خێزانم] هیوای جەژنێکی خۆشتان بۆ دەخوازین. جەژنتان پیرۆز.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ