کوردێک کۆنترۆڵی کوالێتیی خۆراکی نەمسا دەکات


رووداو دیجیتاڵ
 
لە شاری ڤیەننا لە نەمسا عەبدوڵڵا مەنسوور زەنگەنە بەشدارە لەسەر بڕیاردان لەسەر کوالێتیی ئەو خۆراکەی لەو وڵاتەدا دەخورێت. عەبدوڵڵا زەنگەنە لە یەکێک لە گەورەترین زانکۆکانی ئەوروپا سەرپەرشتیی بەشێک دەکات لە ئینستیتیوتێک کە بەرپرسە لە کوالێتیی کۆنترۆڵی خۆراک. 
 
تیمی دیاسپۆرا لە ڤیەننا و شوێنی کارەکەی چوونەتە لای ئەو هاونیشتمانییە و باسی پڕۆژەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد کە چەندین ساڵە بردوویەتییەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیشی نەدراوەتەوە.
 
عەبدوڵڵا مەنسوور زەنگەنە لە کەرکووک لەدایکبووە، لە ساڵی 1991 شارەکە جێدەهێڵێت و دەچێتە سووریا، حکومەتی بەعسیش ماڵەکەی لە گەڕەکی شۆریجە بە شۆفڵ دەڕوخێنێت و ئیدی لەو ساڵەدا روودەکاتە نەمسا و لەوێ دوای مانگێک مافی مانەوەی پێدەدرێت.
 
زەنگەنە ماوەی سێ ساڵ پشکنینی پزیشکی دەخوێنێت و دیبلۆم بەدەستدەهێنێت، دوای تەواوکردنی خوێندن لە نەخۆشخانەی ئاکاهایر کە یەکێکە لە گەورەترین نەخۆشخانەکان لەسەر ئاستی ئەوروپا، دادەمەزرێت و کاردەکات، پاشان لە ساڵی 2000 گواستراوەتەوە بۆ بەشی کۆنترۆڵی خۆراکی نەمسا.
 
ئەو شوێنەی عەبدوڵڵا مەنسوور زەنگەنە کاری تێدا دەکات، زانکۆی ڤێتەرنەری ڤییەنانیە، کە سەرەتا خوێندگەیەک بووە لە ساڵی 1756 دامەزراوە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی ئاژەڵە ماڵییەکان، دواتر پەرەی پێدرا و بووە دووەم گەورەترین زانکۆی ڤێتێرنەری لە سەرانسەری ئەوروپا.
 
ئێستا زانکۆیەکە زیاتر لە 30 پەیمانگە لە خۆ دەگرێت، یەکێک لەو پەیمانگانە پەیمانگەی خۆراکە بۆ لێکۆڵینەوە لە بەکتریاکانی خۆراک، بەتایبەت بەکتریا زیانبەخشەکانی نێو خۆراکەکان بە گشتی و شیر و شیرینەمەنییەکان و هەموو جۆرەکانی گۆشت بەتایبەتی.
 
بەپێی یاسا لە نەمسا هەر خۆراکێک یان بەرهەمێکی ناوخۆ یان هاوردەکراو تاوەکو بە پشکنینی ئەوان تێنەپەڕێت بۆی نییە بخرێتە بازاڕەوە و بە پێچەوانەوە بە تووندترین شێوە سزا دەدرێت.
 
عەبدوڵڵا مەنسوور زەنگەنە باسی ساڵی 2007 دەکات و دەڵێت، "گەڕامەوە کوردستان و لەگەڵ ئیدریس هادی، وەزیری ئەوکاتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هەروەها عەبدولعەزیز تەیب، وەزیری ئەوکاتی کشتوکاڵ کۆبووینەوە و پێم راگەیاندن، کە ئێمە دەمانەوێ هاوکاریی حکومەتی هەرێـی کوردستان بکەین لە کوالێتیی کۆنترۆڵی خۆراک، بەتایبەت لە دەروازە سنوورییەکان و هەروەها پڕۆژەکانی ئاژەڵداری لە ناوخۆ."
 
مەنسوور بەردەوام دەبێت لە قسەکانی و باس لەوەش دەکات، "ئەوکات سەردانی هەموو دەروازە سنوورییەکانمان کرد، بەشێوەیەکی مەیدانی ناوەندەکانی کۆنترۆڵی خۆراکمان بەسەرکردەوە و دواتر چووینە چەند پڕۆژەیەکی ئاژەڵداری، دواتر توێژینەوەیەکمان ئامادەکرد و پێم راگەیاند، کە دەتوانرێت بە بڕی 120 هەزار دۆلار تەواوی کۆنترۆلی خۆراک وەک نەمسا لێبکرێت، بەڵام دوای تێپەڕبوونی 15 ساڵ تاوەکو ئیستا وەڵامیان نەداینەوە، لەکاتێکدا ئێمە بەبێ بەرامبەر ئەو توێژینەوەیەمان بۆکردن".