وشکەساڵی زیانی بە 14 ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی ئیسپانیا گەیاندووە

23-04-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
وشکبوونی بەنداوێک لە ئیسپانیا
وشکبوونی بەنداوێک لە ئیسپانیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پێشووتر شوێنەواری کەنیسەیەک بەهۆی ئاوی بەنداوی ساوەوە لە بارسێلۆنای هەرێمی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا داپۆشرابوو. بەڵام بەهۆی سێ ساڵ وشکەساڵی لەسەریەک، ئاستی ئاوی بەنداوەکە بۆ 10٪ی توانای گلدانەوە دابەزیوە و شوێنەوارەکە دەرکەوتووە.
 
ئەوەش وایکردووە ئەوانەی پشت بەو بەنداوە بۆ ژیان و ئاودانی زەوی دەبەستن، لە شوێنی دیکەوە بە بارهەڵگر ئاو پەیدا بکەن.
 
ماریا گۆنزالێز، پەرستارێکە و دەڵێت: "ئاو لە دەبەدا دەهێڵینەوە. زۆربەی کات بۆ شتنی دەست و دەممان لە بەیانیاندا هەروەها بۆ توالێتەکە. لە ئێواراندا یان لە جیم یان لەسەر کار خۆمان دەشۆین یانیش لە ماڵەوە ئاو گەرم دەکەین تاوەکو خۆمانی پێ بشۆین." 
 
وشکەساڵی لە کەتەلۆنیا وایکردووە بە گشتی رێژەی ئاوی بەنداوەکانی بۆ 26٪ی توانای گلدانەوە کەمبێتەوە. لە ئیسپانیا بارانبارین 21٪ بەراورد بە کاتی ئاسایی کەمیکردووە و فەرمانگەی ئاو و ژینگەی ئەو وڵاتە دەڵێت، لە 60 ساڵی رابردوودا 2022 گەرمترین و شەشەم وشکترین ساڵ بووە.
 
چاڤی رۆسێل، سەرۆکی فەرمانگەی ژینگە و کشتوکاڵی ئیسپانیا دەڵێت: "ئەو کاریگەرییە ژینگەییەی دەیبینین، لە دوو بۆ سێ ساڵی رابردوودا زۆر زیادیکردووە. ئێمە ژینگەمان سەرەو خوارکردووەتەوە. وامانکردووە، کاتێک دەبێت سارد بێت، سارد نییە، کاتێکیش دەبێت گەرم بێت، گەرم نییە." 
 
سێکتەری کشتوکاڵ پشکی شێری کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لە ئیسپانیا بەردەکەوێت. ئەنجوومەنی جووتیارانی ئیسپانیا باس لەوە دەکات، 60٪ی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئیسپانیا کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی وشکەساڵی و بەهۆیەوە 14 ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی زیانی بەرکەوتووە.      
 
جوان رێرا، بەڕێوەبەری بەنداوی ساو گوتی، "باخچەکان بۆ ماوەیەکی زۆرە ئاو نادرێن، زەوی و زارەکان ماوەیەکی زۆرە ئاو نادرێن و چیمەنەکانی گۆڵف ماوەیەکی زۆرە وشکبوونەتەوە." 
 
بەراورد بە 60 ساڵ لەمەوبەر، پلەی گەرمای ئیسپانیا 1.3 پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە. وشکبوونەوەی زەویش کە بەهۆی وشکەساڵییەوە روودەدات، تەنیا لە 2022دا بووەتە هۆی سووتانی یەک ملیۆن و 68 هەزار دۆنم دارستان لە ئیسپانیا. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساڵانە لە 10ی موحەڕەم زیارەتکارێکی زۆری شیعەمەزهەب لە سەرتاسەری جیهان سەردانی عێراق دەکەن و لە نەجەف و کەربەلا کۆدەبنەوە، ژمارەی زیارەتکارانی ئێرانی و پاکستانی پشکی شێریان بەردەکەوێت.

دەرفەتی کار لە عێراق بۆ پاکستانییەکان زیاتر دەبێت

بەغدا و ئیسلام ئاباد بەنیازن یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ بکەن و رێکبکەون لەمەودوا دەرفەتی کاری زیاتر بۆ پاکستانییەکان لە عێراق بڕەخسێندرێت، ئەمەش وادەکات هاووڵاتییانی پاکستانی بە نایاسایی لە وڵاتەکە نەمێننەوە.