رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک بەڵگەنامەی دزەپێکراوی هەواڵگریی ئەمریکا باس لەوە دەکەن، ئاژانسی هەواڵگریی ئۆکراینا پلانی هەبووە سوود لە هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە وەربگرێت بۆ ئەوەی لە سووریا هێرشبکاتە سەر پێگەکانی رووسیا. هەسەدەش ئەو تۆمەتە رەت دەکاتەوە.
رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی باس لەوە دەکات، شەڕکردن لە گۆڕەپانێکی دوورەدەستی نوێی شەڕکردنی وەک سووریا، دەکرێت مانای بەئامانجگرتنی هێزەکانی رووسیا و هێزەکانی گرووپی ڤاگنەر بێت کە بەشێوەیەکی چالاکانە لە سووریا کار دەکەن.
بەڵگەنامەکان دەریدەخەن کە بەڕێوەبەری هەواڵگریی ئۆکراینا و ئاژانسی هەواڵگری لە وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە پلانیان هەبووە هێرش بکەنە سەر هێزەکانی رووسیا لە سووریا، بێ ئەوەی حکومەتی ئۆکراینا لە هێرشەکە تێوەبگلێت.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکان، پلانەکە ساڵی رابردوو دانراوە و ئەفسەرانی هەواڵگریی سەربازیی ئۆکرانیا پێیان باش بووە بە بەکارهێنانی درۆن هێرش بکرێتە سەر هێزەکانی رووسیا و ئاماژەیان بەوەشکردووە، دەبێت سەرەتا پێگەکانی گرووپی ڤاگنەر بکرێنە ئامانج.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکان، ئەفسەرانی ئۆکراینا بیریان لە راهێنانپێکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە کردووەتەوە بۆ لێدانی ئامانجەکانی رووسیا و ئەنجامدانی "هێرش بە بەکارهێنانی درۆن."
هەسەدە هێرشکردنە پێگەکانی رووسیای لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی خۆی "قەدەخە کردووە"، ئەوە بە گوێرەی بەڵگەنامەکان.
ئەوەی کە پەیوەندی بە ناوچەکانی دیکەوە هەیە، هەسەدە داوای کردووە لە بەرامبەر پشتگیریکردن لە پلانەکەی ئۆکراینا، سیستمی بەرگریی ئاسمانی پێ بدرێت و داوای گەرەنتی ئەوەیشی کردووە کە رۆڵی هێزەکانی بە نهێنی بهێڵرێتەوە، ئەوەش بەگوێرەی بەڵگەنامەکان.
فەرهاد شامی، بەرپرسی راگەیاندنی هەسەدە لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵ هەسەدە بە میدیای ئەمریکی راگەیاندووە، "ئەو بەڵگەنامانەی باسی دەکەن سەبارەت بە هێزەکانمان راست نین؛ هێزەکانمان هەرگیز لایەنێک نەبوون لە شەڕی رووسیا و ئۆکراینا."
بەڵگەنامەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تورکیا لەو پلاندانانەدا ئاگادار بووە و دەڵێت، بەرپرسانی تورکیا ویستوویانە خۆیان لە ئەگەری تێوەگلانیان بەدوور بگرن و پێشنیازی ئەوەیان کردووە کە ئۆکراینا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکانەوە هێرش بکاتە سەر هێزەکانی رووسیا لەبری ئەوەی لە باکوور و باکووری رۆژئاوای سووریا ئەو شتە بکات کە لەژێر دەستی هێزەکانی نزیک لە تورکیادان.
رۆژی 22-06-2022، دەیمیەن ماگروو، گوتەبێژی یەکەی خۆبەخشانی نێودەوڵەتیی بۆ بەرگریکرن لە ئۆکراینا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "هەندێ لە خۆبەخشانمان پێشتر لە سووریا شەڕیان کردووە لەنێو ریزەکانی یەپەگە، لەبەرەی کوردستان و کوردانی سووریا."
بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا کە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا کاری کردووە بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، لە ئەگەری رووداوێکی وەهادا رووسیا "دەیتوانی بە ئاسانی پێگەکانی هەسەدە بکاتە ئامانج، چونکە هێزەکانی هەسەدە بە زۆری لە نزیک بنکەکانی سەربازیی رووسیا چالاکن."
بەگوێرەی بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە کانوونی یەکەمی 2022دا داوای کردووە جێبەجێکردنی پلانەکە بووەستێندرێت.
رووسیا لە ساڵی 2015دا دەستوەردانی سەربازیی لە شەڕی سووریا کرد و هەزاران سەربازی رووسیا نێردرانە سووریا و لەوێ جێگیرکران. رووسیا لە سووریا بنکەی سەربازی، فڕۆکەی جەنگی و سیستمی بەرگریی ئاسمانی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ