رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو ساڵ لە دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا، سوپای سوودان رایگەیاند، کۆشکی سەرۆکایەتییان کۆنترۆڵ کردووەتەوە.
رۆژی هەینی، 21ـی ئاداری 2025، نەبیل عەبدوڵڵا، گوتەبێژی سوپای سوودان بە تەلەفیزیۆنی فەرمیی سوودانی گوت، "هێزەکانمان بەتەواوەتی چەکداران و کەلوپەلەکانی دووژمنیان لەنێوبردووە و دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر لە چەک و پێداویستیدا گرتووە."
هەروەها خالید ئەعیسیر، وەزیری زانیاری سوودان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، "کۆشکی سەرۆکایەتی گەڕێندرایەوە و گەشتەکەمان بەرەو سەرکەوتنی تەواوەتی بەردەوامە."
گوتەبێژی سوپای سوودان رایگەیاند "سوپا لە پێشڕەوییەکانی بەردەوام دەبێت تاوەکو هەموو سووچێکی وڵاتەکەمان لە چەکدارەکان و لایەنگرانیان پاک دەکاتەوە."
رۆژی پێنجشەممە، سوپای سوودان رایگەیاند، تەنیا چەند سەت مەترێک لە کۆشکی سەرۆکایەتی دوورن. راشیگەیاند، کە کاروانێکی سەربازی هێزەکانی پشتیوانی خێرایان تێکشکاندووە کە لە 30 بارهەڵگر پێکهاتبوو.
لە نیسانی 2023ـەوە هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەستییان بەسەر کۆشکی سەرۆکایەتیی سوودان دا گرتووە.
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، لە نێوەڕاستی خەرتووم کە کۆشکی سەرۆکایەتیی سوودان، وەزارەتەکان و چەندین ناوچەی بازرگانی تێدایە بووەتە گۆڕەپانی شەڕێکی سەختی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا.
هەفتەی رابردوو، سوپای سوودان رایگەیاند، هێزەکانی لە باکوور و باشووری خەرتووم یەکییان گرتووە و هێزەکانی پشتیوانی خێرایان گەمارۆ داوە.
سوودان لە ئابی 2019ـەوە لە لایەن دەسەڵاتێکی راگوزەری تێکەڵ لە سەرکردەی سڤیل و سەربازییەوە بەڕێوەدەبرا، بەڵام لە 15ـی نیسانی 2023ـەوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان بە سەرکردایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتیی محەممەد دەگەلۆ، ناسراو بە حمێدتی دەستیپێکرد، هەرچەندە چەند جارێک ئاگربەست راگەیێندراوە، بەڵام پێکدادانەکان بەردەوامن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ