سەرۆکی جەزائیر داوا لە وەزیرەکانی وڵاتەکەی دەکات مەرایی نەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

عەبدولمەجید تەبوون، سەرۆکی جەزائیر فەرمانی بە وەزیرەکانی وڵاتەکەی کرد خۆیان لە مەراییکردن، پیاهەڵدان و "ماستاوکردن" بە کەسایەتییەکان بە دووربگرن و نەڵێن: "هەموو چالاکییەکی حکومی لەسەر راسپاردەی سەرۆککۆمار بووە." 
 
بەگوێرەی میدیای فەرمیی جەزائیر، رۆژی دووشەممە 20-03-2023، لە کاتی سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولمەجید تەبوون فەرمانی بە وەزیرەکانی وڵاتەکەی کردووە، "بە هەموو شێوەیەک خۆیان لە بەکارهێنانی ئەو دەربڕینە سیاسییانە بەدووربگرن کە بە کەسایەتییەکاندا هەڵدەدەن و بە پیرۆز پیشانیان دەدەن، لە هەر راگەیاندنێکەوە بێت،" هەروەها داواشی لێکردوون، نەڵێن "هەموو چالاکییەکی حکومیی گرنگ لەسەر راسپاردەی جەنابی سەرۆککۆمار بووە."  
 
تەبوون هەروەها داوای لە وەزیرە نوێیەکانی وڵاتەکەی کرد لە ئاست پێشبینییەکانی خەڵکی وڵاتەکەیاندا بن و "بەڵێنێک بە خەڵک نەدەن کە نەتوانن جێبەجێی بکەن."
 
میدیاکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرۆککۆماری جەزائیر فەرمانی بە وەزیرەکان کردووە "کۆبوونەوەکان کەمبکەنەوە و لە کاتی پێویست نەبێت ئەنجامی نەدەن؛ هەروەها پێویستە هەموو هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ" بۆ چارەسەری کێشەکانی خەڵک. 
 
تەبوون باسی لەوە کردووە کە "جەزائیر ئەمڕۆ پێویستی بە دانانی یاسای نوێ نییە کە رەنگە ببنە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ لە بەردەم ژیانی هاووڵاتییان، بەڵکو پێویستە هەندێکیان کە ماوەیان بەسەرچووە، هەڵبووەشێنرێنەوە."