لە ناشڤیڵی ئەمریکا جەژنی نەورۆز وەکو پشوویەکی فەرمی ناسێنرا


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکایەتیی شارەوانیی ناشڤیڵ لە ئەمریکا لە ئێوارەی رۆژی نەورۆزدا، بە فەرمی نەورۆزی وەک جەژنێکی کوردی و پشوویەکی ساڵانە لە شارەکەدا ناساند. 
 
لە رێورەسمێکدا لەبەردەم باڵەخانەی سەرۆکایەتیی شارەوانیدا، بە فەرمی بڕیاری ناساندنی نەورۆز وەک پشوو راگەیێندرا. 
 
جۆن کووپەر، سەرۆکی شارەوانیی ناشڤیڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "راگەیاندنی بڕیارەکە گرنگی کۆمەڵگەی کوردییە لە ناشڤیڵ. ئێمە شانازی بە هەبوونی ئەو شارەی خۆمان دەکەین کە گەورەترین رەوەندی کوردی لێیە لە دەرەوەی کوردستان. بۆیە لەگەڵ ئەمساڵە خۆشە و لەگەڵ یەکەم رۆژی بەهاردا، ئەمە رۆژێکی تەواو گونجاوە بۆ یادکردنەوەی." 
 
لە رێورەسمەکەدا ژمارەیەک کەسایەتی کورد و هەروەها ئەمریکی بەشداربوون، هاوکات نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد و ژمارەیەک کەسایەتی دیکە لە رێورەسمەکەدا گوتاریان پێشکێشکرد.
 
ناساندنی ئەو رۆژە بۆ کورد لە ناشڤیڵ، شتێکی مێژووییە و کوردی ناشڤیڵ بۆ دەیان ساڵە چاوەڕێی ئەم رۆژە دەکەن. 
 
حیکمەت بامەڕنی، بەرپرسی لقی حەوتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، "وەکو کوردێک کە 46 ساڵە لێرەم، ئەمە جێگەی سەربەرزی و شانازییە بۆ ئێمە، وەک کورد خەباتمان بەردەوامە، ئێمە شانازی بەوەوە دەکەین، چونکە رەوەندی دیکەش زۆرە لێرە وەک پاکستانی و ئێرانی، بەڵام کورد توانیویەتی لێرە کە سەرۆکشارەوانی دەڵێت، ژمارەیان 20 هەزار کەسە، بەڵام خەڵکی دیکە هەیە، چەندین هەزارن، 100 هەزارن، بەڵام کورد توانیویەتی ئەمڕۆژە بسەلمێنێت لە شاری ناشڤیڵ." 
 
بەهۆی ئەم بڕیارەوە پشووی نەورۆز، هاوشێوەی پشووەکانی دیکەی شاری ناشڤیڵ، دەچێتە رۆژمێری شارەکە و ساڵانە لەو رۆژەدا کوردی ناشڤیڵ دەتوانن پشوو وەربگرن و نەچنە سەر کارەکانیان.
 
ئەنجوومەنی شارەوانیی ناشڤیڵ، ئەم هەنگاوە بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانێت و بوونی رەوەندی کوردی لە شارەکە بە "گرنگ" ناودەبات. 
 
جیم شاڵمان، سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەوانیی ناشڤیڵ دەڵێت، "سەرۆکشارەوانی ئەمڕۆژە وەک پشووێکی فەرمی رادەگەیێنێت و لە ناشڤیڵ دانیپێدادەنێت، کە پێموایە ئەمە شتێکی مەزنە، ئێمە کوردێکی زۆرمان هەیە لە شاری ناشڤیڵ، هەروەها گەلانی جیاوازمان لە ناشڤیڵ هەیە، پێموایە زۆر گرنگە بەوە بزانین کە خەڵکێکی زۆر جیاوازمان هەیە و پشووی جیاوازیشمان زۆرن، ئەمەش یەکێکە لەوانە و خۆشحاڵین کە سەرۆکشارەوانی دەیناسێنێت." 
 
یەکەمین گرووپی کورد لە ساڵی 1976 هاتوونەتە ناشڤیڵ، دواتر بە چەند قۆناخێکی جیاواز کورد روویان لە ناشڤیڵ کردووە و بەپێی ئامارەکانی حکومەتی خۆجێی ناشڤیڵ، ئێستا ژمارەی کورد لەو شارەدا زیاتر لە 20 هەزار کەس دەبێت.