گوتێرێز لە پەیامی نەورۆزدا: جیهان رووبەڕووی گۆڕانی سەختی کەشوهەوا بووەتەوە

21-03-2023
لهۆن نەسرەدین
نیشانەکردن نەورۆز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیامی تایبەت بە نەورۆزی بڵاوکردەوە، تێیدا دەڵێت: "ساڵانە زیاتر لە 300 ملیۆن کەس ئاهەنگی ساڵی نوێی نەورۆز دەگێڕن... جیهانی ئەمڕۆ رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاری و قەیران بووەتەوە، لەوانە گۆڕانی سەختی کەشوهەوا".
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، رۆژی دووشەممە، 20-3-2023 پەیامی تایبەت بە نەورۆزی بڵاوکردەوە و تێیدا گوتی: "نەورۆز دەستپێکێکی نوێیە، تێیدا بەهار دێت و ژینگە جارێكی دیکە زیندوو دەبێتەوە. لە نەورۆزدا خێزان و هاوڕێکان پێکەوە کۆدەبنەوە و پێکەوە ئاهەنگی فرەڕەنگی و فرەکولتووری دەگێڕن".
 
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەر لە پەیامی نەورۆزدا دەڵێت: "نەورۆز هۆکاری یەکگرتنی نەوە و بەیەکگەیاندنی خەڵکە لە دەرەوەی سنوورەکان؛ نەورۆز مرۆڤ وەک یەک خێزان کۆدەکاتەوە و خاڵە هاوبەشەکانمان بەبیر دەهێنێتەوە".
 
بە گوتەی گوتێرێس ئەمڕۆ لە هەموو کاتێك زیاتر بەها هاوبەشەکانی مرۆڤ رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان بوونەتەوە، "جیهانی ئەمڕۆمان لەبەردەم ململانێ، قەیران و گۆڕانی سەختی کەشوهەوادایە".
 
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت "نەورۆز گوزارشت لە بەهاکانی ئاشتی، مافەکانی مرۆڤ و هاوسۆزی دەکات، کە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژانە بانگەشەیان بۆ دەکات و پەرەیان پێدەدات".
 
هەرچەندە نەورۆز جەژنێکی تایبەت بە گەلی کورد و گەلانی دیکەی رۆژهەڵاتە، بەڵام سەرکردەکانی رۆژئاوا، ساڵانە بەبۆنەی ئەو جەژنەوە پەیامیان هەیە. شەوی رابردووش جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەبۆنەی نەورۆزەوە خوانێکی لە کۆشکی سپی رێکخست ژمارەیەک کەسایەتیی وڵاتانی رۆژهەڵاتی بانگهێشتکردبوو، لەوانەش چەند کەسایەتییەکی کورد.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە