دادگەی مۆسکۆ فەیسبووک و ئینستاگرامی قەدەخەکرد

 
رووداو دیجیتاڵ
 
بە تۆمەتی پەرەدان بە تووندوتیژیی دژی رووسیا، دادگەیەکی مۆسکۆ هەر یەک لە تۆڕەکانی فەیسبووک و ئینستاگرامی لەو وڵاتە قەدەخە کرد. 
 
دادگەکە بەهۆی سکاڵای حکومەتی رووسیاوە، بڕیارەکەی دەرکرد. کرملین پێیوابوو ئینستاگرام رەتیکردووەتەوە هەواڵی "ناڕاست" و داواکارییەکانی ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەسەر تۆڕەکەی لاببات.
 
ئینستاگرام و فەیبسووک، کە هەردووکیان لە لایەن کۆمپانیای مێتاوە خاوەنداریی دەکرێن، هەر پێشتر لە لایەن دامەزراوەی تایبەت بە چاودێریکردنی میدیا و گەیاندنی رووسیاوە قەدەخە کرابوون، ئەوەش بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی دژی سەربازانی رووسیا.
 
میدیای رووسیا بڵاوی کردووەتەوە، دادگەکە ئەپڵیکەیشنی واتساپ قەدەخە ناکات، هەرچەندە ئەویش سەر بە کۆمپانیای مێتایە، هەروەها باسی لەوەش کردووە کە حکومەتی رووسیا نیازی نییە ئەو هاووڵاتییانە سزابدات، کە وێرای قەدەخەکردنیان، فەیسبووک و ئینستاگرام بەکاردێنن.