جیهان
ژمارەیەک پۆلیس لەکاتی دەستبەسەرکردنی گومانلێکراوەک بە تۆمەتی قاچاخچیێتی لە بەرلین، 7ـی دیسەمبەری 2022، وێنە: Paul Zinken/dpa/picture alliance
رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، لە چوار هەرێمی ئەو وڵاتە پۆلیس ئۆپەراسیۆنێکی بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک قاچاخچیی کۆچبەران دەستپێکردووە.
رۆژی چوارشەممە (21ـی شوباتی 2024) گوتەبێژێک بە ناوی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر داوای پۆلیسی یەکێتیی ئەوروپا بووە بۆ دەستگیرکردنی 25 قاچاخچیی کۆچبەران. ئەو هەرێمانەی ئۆپەراسیۆنەکەیان تێدا کراوە، بریتین لە: نۆرتراین ڤێستیفالیا، باڤاریا، هێسە و شلێسڤیگ-ھۆلشتاین.
بەپێی میدیاکانی ئەو وڵاتە، ئۆپەراسیۆنەکە بە بەشداریی 700 پۆلیس بەڕێوەدەچێت، ئەمە جیا لە بەشداریکردنی ژمارەیەک پۆلیسی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا؛ لەوانە فەرەنسا و بەلجیکا.
بەگوێرەی پۆلیسی ئەڵمانیا؛ ئەو قاچاخچییانەی بە دوایاندا دەگەڕێن، گوماندەکرێت بەشدارییان لە پەڕاندنەوەی کۆچبەران لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا کردبێت.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لە 21 رۆژی سەرەتای ئەمساڵدا لانیکەم 621 کۆچبەر بە نایاسایی خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا. ساڵی رابردووش چوونی کۆچبەران لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە بەراورد بە ساڵی 2022 بە رێژەی 36% کەمیکردبوو. ساڵی 2022 حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، 45 هەزار و 774 کۆچبەر گەیشتوونەتە بەریتانیا.
نۆکەندی ئینگلیز بە یەکێک لە مەترسیدارترین رێگە ئاوییەکان دادەنرێت، کە کۆچبەران بەکاریدەهێنن. بەگوێرەی ئاماری حکومەتی بەریتانیا، لە ساڵی 1999ـوە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023، 376 کۆچبەر لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە.
بەریتانیا هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی بە چەند رێگەیەک چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە کەم بکاتەوە، لەوانەش زیادکردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرەنسا و ناردنی پەناخوازان بۆ رواندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ