دیبەیتێکی رووداو؛ 'لە ئەڵمانیا کوردانی باشوور منداڵەکانیان فێری زمانی عەرەبی دەکەن'

رووداو دیجیتاڵ

شارەزایانی زمانی کوردی لە ئەڵمانیا، لە دیبەتێکی تایبەتی تۆڕی میدیایی رووداودا باسیان لە کێشەکانی کەمیی خواست لەسەر زمانی کوردی و چارەسەرییەکان بۆ گەشانەوەی زمانەکە کرد.
 
"پاراستنی زمانی کوردی لە دیاسپۆرا" نێونیشانی دیبەتێکی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری بەرنامەی دیاسپۆرا لە ئەڵمانیاوە پێشکێشی کرد و ئەمڕۆ (چوارشەممە، 21-2-2024) لە رۆژی جیهانیی زمانی دایک، بڵاوکرایەوە.
 
فەتاح تیمار، نزیکەی 50 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی و خەڵکانێکی زۆری لەو وڵاتە فێری نووسین بە زمانی کوردی کردووە؛ خوناف حاجۆ، سەرۆکی کۆمەڵەی رۆناهی و مامۆستای فێربوونی زمانی کوردی. د. عەبدوڵڵا ئینجەکان لە رووی ئەکادیمییەوە خزمەتی بە زمانی کوردی لە دیاسپۆرا کردووە و خەندە خالید، مامۆستا و شارەزای زمانی کوردی لە دیبەتەکەدا دۆخی زمانی کوردییان لە وڵاتانی ئەوروپا بە گشتی و ئەڵمانیا بەتایبەت شەنوکەو کرد.
 
لە هەرێمێکی ئەڵمانیا پێنج قوتابخانەی کوردی هەن و زمانی کوردی فەرمییە
 
خوناف حاجۆ، کە یەکێکە لە ئامادەکارانی کتێبی "ئاژەڵێن من" و بۆ فێربوونی زمانی کوردی زاراوەی کورمانجی لە ئەڵمانیا سوودی لێ دەبیندرێت، گوتی لە هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفالن لە ئەڵمانیا خوێندنی زمانی کوردی فەرمییە و پێنج قوتابخانە هەن، کە نزیکە 210 قوتابی تێیاندا زمانی کوردی دەخوێنن.

 

حاجۆ گوتیشی، ئەوان هەموو هەوڵێک دەدەن زۆرترین کەس فێری زمانی کوردی بکەن.
 
لە دیبەیتەکەدا فەتاح تیمار ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵی 2007ـەوە لە هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفالن خوێندن بە زمانی کوردی هەیە و، گوتی، زۆرترین منداڵ کە زمانی کوردی دەخوێنن لەو هەرێمەی ئەڵمانیان.
 
تیمار باسی لەوەش کرد، لەو هەرێمەدا کوردانی ئیزدی "زۆرترین" منداڵیان دەخەنە بەر خوێندنی کوردی.
 
"لە ئەڵمانیا زیاتر لە 700 منداڵ زمانی کوردی دەخوێنن"
 
دەگوترێت زیاتر لە ملیۆنێک کورد لە ئەڵمانیا دەژین. لە 16 هەرێمەکەی ئەو وڵاتەدا، لە شەش هەرێمیان زمانی کوردی دەخوێندرێت. بەگشتی زیاتر لە 700 قوتابی سەرقاڵی فێربوونی زمانی کوردین.
 
 
عەبدوڵڵا ئینجەکان ئاماژەی بەوە کرد، بەگوێرەی ژمارەی کوردانی ئەڵمانیا، ژمارەی ئەو منداڵانەی کوردی دەخوێنن، زۆر کەمە. بەشێکی هۆکارەکەشی گێڕایەوە بۆ "خەمساردی"ـی خێزانی کورد بەرامبەر زمانەکەی خۆیان.
 
ئینجەکان هۆکارێکی دیکەی کەم خستنەبەر خوێندنی کوردی منداڵانی کورد ـی لە ئەڵمانیا گێڕایەوە بۆ سیستم و رێکارە کارگێڕییەکانی وڵاتەکە و گوتی "زمانی کوردی وەکو زمانێکی هەڵبژاردە، دەبێت ساڵانە هەڵبژێردرێت. دەبێت لە شارێکدا 15 کەس زمانەکە هەڵبژێرن ئەو کاتە دەخوێندرێت، ئەمە بۆ هەموو ساڵێکیش دەبێت دووبارە ببێتەوە."
 
لە هەر شارێکدا ئەگەر 15 قوتابی بیانەوێت کوردی بخوێنن، دەبێت هەموویان لە یەک قوتابخانەدا کۆببنەوە، ئەوەش ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ فێرخوازەکان دروست دەکات.
 
خەند خالید هەرچەندە کوردە و شارەزای زمانی کوردییە، ئێستا لە قوتابخانەیەکی ئەڵمانیا زمانی عەرەبی فێری قوتابیان دەکات و دەڵێت: "کورد هەست بەو بەرپرسیارێتییە ناکەن و  منداڵی خۆیان نابەنە خوێندنی کوردی، لەکاتێکدا عەرەبی وڵاتەکە گرنگی بە زمانەکەی خۆیان دەدەن".
 
"کوردانی باشوور لە ئەڵمانیا منداڵەکانیان فێری عەرەبی دەکەن"
 
 
خەندە خالید بابەتێکی سەرنجڕاکێشی دەخاتەڕوو و دەڵێت، "من، خۆم پێمناخۆشە و ناچارییە وانەی عەرەبی دەڵێمەوە، بەڵام سەیرە کوردێکی زۆری خەڵکی دهۆک، سلێمانی، هەولێر و کوردانی ئێزدیش بە رێژەیەکی زۆر لای من فێری عەرەبی دەکرێن."
 
بەڵام خوناو حاجۆ گوتی، "ئێمەی مامۆستایان دەبێ هەوڵی زیاتر بدەین، لای ئێمەش کورد هاتوون و عەرەبییان دەخوێند، ئێمە بە زۆر لێمان وەرگرتنەوە، کێشە ئەوەیە مرۆڤی کورد خۆبەخش نییە، ئێمە پێویستمان بە خۆبەش و دروستکردنی گرووپە."
 
مامۆستایان و شارەزایانی زمانی کوردی لە دیاسپۆرا کێشەی زۆریان دێتە رێگە بۆ فێرکردنی زمانی کوردی. خوناف حاجۆ گوتی "نەبوونی کتێب، زۆری زاراوەکانی کوردی، نەبوونی کتێبخانەی باش لە ئەڵمانیا و ئاستەنگی دیکەش زۆرن."
 
هەندێک منداڵ هەن لە کوردستانەوە لە پۆلەکانی سەرەتاییدان و دەچنە وڵاتانی ئەوروپا و لەوێ بۆ فێربوونی زمان و کلتووری وڵاتەکە بە زمانی ئەو وڵاتە دەخوێنن. مامۆستا خوناو حاجۆ گوتی، "ئەگەر دایک و باوک هاوکار نەبن زمانە کوردییەکەی ئەو کەسانە دەتوێتەوە."
 
فەتاح تیمار دەڵێت، شارەزایانی زمان ئەوەیان دووپاتکردووەتەوە؛ زمانی یەکەمی منداڵ پتەو بێت منداڵ دەتوانێت زمانەکانی دووەم، سێیەم و چوارەم و ... باشتر فێرببێت.
 
تیمار رەخنەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت و گوتی "تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە هیچ بۆ زمانی کوردی لە دیاسپۆرا بکەن، دەیانتوانی لە رێگەی پەیوەندییە سیاسییەکانیانەوە هەنگاو بنێن، ناکرێت ئێمە هەموو شتێکیش بخەینە ئەستۆی خێزانەکان."
 
د. عەبدوڵڵا ئینجەکان لە دیبەتەکەدا گوتی، دامەزراندنی رێکخراو لە ئەڵمانیا ئاسانە و لە هەرێمی کوردستان بێت یان دەوڵەمەندەکانی ئەوروپا، دەتوانن رێکخراو دابمەزرێنن و خزمەتی زۆری زمانی کوردی بکەن.
 
"لە کۆڵن تەنیا یەک مامۆستای کوردی هەیە"
 
خەندە خالید گوتی، لە کۆڵن نزیکەی 70 مامۆستای تورک و هەشت مامۆستای عەرەب هەن، بەڵام تەنیا یەک مامۆستای کوردی هەیە. لەبارەی هۆکارەکەشەوە گوتی، "قوتابی و منداڵی فێرخوازی کورد، کەمن"
 
خوناو حاجۆ دەڵێت "ئەڵمانیا دەیەوێت هەر کەسێک لەو وڵاتەدا دەژی، ئەگەر 50 ساڵی پێشکەوتنیشیان جیابێ ئەوانیش زوو بگەنە ئەو پێشکەوتنە لەبەر بەرژەوەندیی ئابووریی خۆیان بۆ ئەوەی بەهێزتری بکەن، ئەویش لە رێگەی ئەو منداڵانەوە، کە دوو زمان و سێ زمان دەخوێین، بۆ ئەوە، ئێمەش دەبێت دایکان و باوکانی بۆ هان بدەین".
 
چی بکرێت بۆ زمانی کوردی لە دیاسپۆرا؟
 
د. عەبدوڵڵا ئینجەکان ئاماژەی بەوە کرد، لە ئەڵمانیا مامۆستا، پەروەردە، میدیا، فیلم کارتۆن، تەلەڤیزیۆن و یارییەکانی تابلێت هەمووی بە زمانی ئەڵمانییە. بە گرنگ و پێویستی زانی، "ئێمەش رێبازێکی نوێ بدۆزینەوە، لەسەر تابلێتەکان یاریی بە کوردی ئامادە بکەین، فیلم کارتۆنی کوردی دروستبکەین و هەموو هەوڵێکی دیکە بۆ باشترکردنی زمانەکە بدرێت."
 
د. عەبدوڵڵا ئینجەکان گوتی "گەشبینم بۆ پاشەڕۆژی زمانی کوردی، چونکە ئەمڕۆ لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان بابەتی زۆر هەن و زۆریان لە ئینتەرنێتیشیدا بەردەستن، بۆیە کوردی لەنێو کورداندا بڵاوبووەتەوە و جێگەی خۆی گرتووە، تەنیا رێکخستن و بەڕێوەبردنی ماوە، بارەکە لەسەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پسپۆڕان و ئەو کەسانەیە، کە کار و خەباتی دیاسپۆرا بەڕێوەدەبەن."