راپۆرتێک پێشبینی گیانلەدەستدانی 6 هەزار کەس دەکات لە غەززە، 'تەنانەت ئەگەر جەنگیش بووەستێ'

رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی راپۆرتێک کە لەلایەن چەند توێژەرێکی ئەمریکی و بەریتانی بڵاوکراوەتەوە، ئەگەر تەنانەت ئێستاش جەنگی غەززە بوەستێندرێت، هێشتا تاوەکو ئابی ئەم ساڵ، رەنگە بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە هەشت هەزار کەس لەو کەرتەدا گیان لەدەستبدەن.
 
راپۆرتەکە رۆژی دووشەممە، 19ـی شوباتی 2024، لەلایەن توێژەرانی زانکۆی London School of Hygiesne and Tropical لە لەندەن و نێوەندی John Hopkins بۆ تەندروستی مرۆیی لە ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە.
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی بەردەوامی جەنگی غەززەوە، لەکۆی 2.3 ملیۆن دانیشتوانی غەززە، 85٪ـیان ئاوارە بوون و نەخۆشییەکانی وەکو سكچوون و بەدخۆراکی لەنێو پەناگەکان بڵاوبووەتەوە. 
 
راپۆرتەکە دەشڵێت، "ئەگەر جەنگەکە بەردەوام بێت، گوشاری دەروونی، تووشبوون بە بەدخۆراکی، نەخۆشی کۆلێرا و دەستنەگەیشتنی نەخۆشانی شەکرە بە دەرمان هەزاران کەس دەکوژێت".
 
لە خراپترین سیناریۆدا وەکو راپۆرتەکە باسی دەکات، "ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بێت، ئەوا ژمارەیەکی زۆر نەخۆشی بڵاودەبنەوە و تاوەکو مانگی ئابی ئەم ساڵ زیاتر لە 85 هەزار کەس دەمرن کە زیاتر لە 68 هەزاریان بەهۆی گوشاری دەروونییەوە دەبێت".
 
رۆژی سێشەممە، 20ـی شوباتی 2024، تەندروستیی غەززە نوێترین ئاماری کوژراوانی غەززەی بڵاوکردەوە و گوتی، لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە لانیکەم 29 هەزار و 195 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون.
 
ئاژانسی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاندووە، کە 17 هەزار منداڵ لە کەرتی غەززە بەهۆی شەڕەوە لە خێزانەکانیان دابڕاون و ئاماژە بەوەش دەکات، نزیکەی هەموو منداڵانی غەززە پێویستییان بە پشتیوانی دەروونی هەیە.
 
زیاتر لە چوار مانگە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد، کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنین"ی راگەیاند.
 
دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززە چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.