بایدن لە لووتکەی ناتۆ لە وارسۆ گوتارێک پێشکێش دەکات

21-02-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
رووداو - هەولێر

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دوای سەردانەکەی بۆ کیێڤی ئۆکراینا، گەیشتە وارسۆی پۆڵەندا و بڕیارە گوتارێک پێشکێشی بەرەی رۆژهەڵاتی ناتۆ بکات.
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 20ـی شوباتی 2023، ئاژانسی هەواڵی پۆڵەندا رایگەیاند، جۆ بایدن کاژێر 20:30 بەکاتی وارسۆ [22:30 بەکاتی هەولێر] لەرێگەی شەمەندەفەرەوە گەیشتووەتە شاری شێمێشلی رۆژهەڵاتی پۆڵەندا.
 
بەگوێرەی کۆشکی سپی، لە پۆڵەندا، بایدن گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەکانی نۆ وڵاتی بەرەی رۆژهەڵاتی ناتۆ دەکات و گوتارێک لەژێر ناونیشانی "چۆن ئەمریکا جیهانی کۆکردووەتەوە بۆ پشتگیریکردنی خەڵکی ئۆکرانیا" پێشکێشدەکات. 
 
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ سێشەممە، لە کۆشکی مێژوویی رۆیاڵ کاسڵی وارسۆ پابەندیی ئەمریکا بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا دووپات بکاتەوە. هاوکات، لەگەڵ ئاندرێ دوودا، سەرۆکی پۆڵەندا کۆدەبێتەوە. 
 
کۆشکی سپی دەڵێت، لەوێ بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرکردەکانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئیتاڵیا قسە دەکات. هەرچی ئەڵمانیایە، بڕیارە ئۆلاف شۆڵتزی راوێژکاری وڵاتەکە رۆژی 3ـی ئادار بگاتە واشنتن و لەگەڵ بایدن کۆبێتەوە. 
 
بایدن رۆژی دووشەممە، بە سەردانێکی رانەگەیێندراو لە پۆڵەنداوە بە شەمەندەفەر 10 کاژێر رێی بڕی و گەیشتە کیێڤ و لەگەڵ زیلینسکی کۆبووەوە. بایدن لە کۆشکی سەرۆکایەتیی ئۆکراینا گوتی، "دوای ساڵێک، کیێڤ لەسەر پێ دەوەستێت. ئۆکراینا لەسەر پێ دەوەستێت. دیموکراسی لەسەر پێ دەوەستێت ".
 
لە سەردانەکەیدا بۆ کیێڤ، بایدن بەڵێنیدا بە بڕی 500 ملیۆن دۆلار هاوکاریی سەربازی بداتە ئۆکراینا. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.