ئەمریکا پێشوازی لە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی کیرگیستان لە رۆژئاوای کوردستان دەکات

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو کیرگیستان 59 ژن و منداڵی کەسوکاری داعشی لە رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕاندەوە، ئەمریکا پێشوازی لەو هەنگاوە دەکات.
 
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا (دووشەممە، 20ـی شوباتی 2023) لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئێمە سوپاسگوزارین بۆ کیرگیستان و هێزە هاوبەشەکانمان لە هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ کارکردنیان لەگەڵماندا لەسەر ئاڵنگارییە مرۆیی و ئەمنییەکان، کە بەهۆی کامپەکانی هۆل و رۆژ دێنە پێشەوە".
 
پرایس دەڵێت، ئەمریکا داوا لە حکومەتی هەموو وڵاتان دەکات هەمان هەنگاوی کیرگیستان بنێن و هاووڵاتییەکانیان لە کامپەکانی هۆل و رۆژ بگەڕێننەوە، "بەتایبەتیش ژن و منداڵان". 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، داعش هێشتا هەڕەشەیەکی بەردەوامە بۆ سەر ناوچەکە. "هەڕەشەیە بۆ سەر ئەو ئاوارانەی لە کامپەکاندا دەژین"، کە وەکو خۆی دەڵێت "زیاتر لە نیوەیان، تەمەنیان لەژێر 12 ساڵیدایە". 
 
رۆژی 16ـی شوباتی 2023، کیرگیستان 41 منداڵ و 18 ژنی لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستانی گەڕاندەوە. 
 
حکومەتی کیرگیستان مەزەندە دەکات، لانیکەم 800 کەس لە وڵاتەکەوە روویان لە سووریا کردبێت بۆ ئەوەی بچنە ریزەکانی داعشەوە.
 
حکومەتی وڵاتەکە ئاماژەی بەوە نەکردووە ئەو ژن و منداڵانەی گەڕێندراونەتەوە لە کام ناوچەی رۆژئاوای کوردستان یان سووریا بوونە، بەڵام بە زۆری ژن و منداڵەکانی داعش لە کامپەکانی هۆل و رۆژی رۆژئاوای کوردستان دەمێننەوە. 
 
ئەم هەنگاوەی کیرگیستان لە کاتێکدایە، لە مانگی ئاداری 2021ـشدا، 79 منداڵی کیرگیستانی لەگەڵ دایکەکانیان گەڕێندرانەوە وڵاتەکەیان. 
 
بەگوێرەی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، نزیکەی 42 هەزار کەسی بیانی لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستان دەمێننەوە. جگە لەوەش، سەروو 23 هەزار هاووڵاتیی سوورییان لەگەڵدایە. رێکخراوەکە دەشڵێت، نزیکەی 37 هەزار هاووڵاتیی بیانی لە کامپەکانی هۆل و رۆژ دەمێننەوە کە تایبەتن بە ژن و منداڵەکانی داعش لە رۆژئاوای کوردستان. لەو ژمارەیەش، نزیکەی 27 هەزاریان هاووڵاتیی عێراقن و نزیکەی 10 هەزاری دیکەش هاووڵاتیی نزیکەی 60 وڵاتی دیکەن.