پلەکانی گەرما 6 پلە لەژێر سفرن و چینییەکان لە رووبارەکاندا مەلەدەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

لە چین پلەکانی گەرما شەش پلە لەژێر سفرەوەن، بەشێک لە هاووڵاتییان لە رووبارەکاندا مەلەدەکەن، یەکێک لە مەلەوانەکان دەڵێت، لە کاتی جەنگیشدا لە مەلەکردن و وەرزش دانەبڕاوە.
 
سۆنگ فوو ژی،91 زستانی تەمەنی تێپەڕاندووە، لە جەنگی دووەمی جیهاندا بەشداربووە و ماوەی 30 ساڵیش دادوەری کردووە، تاوەکو ئێستا لەنێو سەهۆڵاودا مەلە دەکات.
 
سۆنگ فوو ژی دەڵێت، "تەمەنم 91 ساڵ و نیوە. مەلەوانی زستانە باشترین رێگایە بۆ من، بۆ وەرزشکردن بە جەستەم. ئەگەر بتەوێت تەندروست بیت، دەبێت مەلە بکەیت و رابکەیت. من لە هەرزەکارییەوە تائێستا مەلە دەکەم. لە رووبارە گەورەکانی شاخدا مەلەمان دەکرد و لە رووبارە خۆشەکان مەلەمان دەکرد. هەموو زستانێک مەلە دەکەم. بۆ خۆمان کۆدەبینەوە، دەبێت بەردەوام وەرزش بکەیت. کاتێک گەنج بووم لە کۆمەڵگەی کۆن بووم خۆشتر بوو.  دەستپێبکەن، هەر بڕۆن بۆ شاخ و وەرزش بکەن. کاتێک شەڕم لەگەڵ ژاپۆنییەکان دەکرد شەڕم لەگەڵ پارتی ناسیۆنالیست دەکرد، هەمیشە وەرزشم دەکرد، جەستەیەکی بەهێزم هەبوو لە هیچ نەترسام."
 
دیمەنەکان رووباری (ۆوچەنگ هۆی)ـن، مەلە کردن لە ئاوی سارد و بەستوو بووەتە ترێندێک لە جیهان، لە چینیش لەگەڵ ئەو پلە سەرمایە و بەستنی رووبارەکان خەڵک مەلە دەکەن، رۆژی ئامادەکردنی راپۆرتەکە پلەی گەرما 6 پلە ژێر سفربوو، پەیامنێری رووداو دەڵێت، "من لێرەوە هەست بە سەرمایێکی زۆر دەکەم نازانم ئەمانە چۆن سەرمایان نییە؟"
 
مینگ لی یەکێکی دیکەیە لە رووبارەکەدا مەلەدەکات، باس لەوە دەکات کە "ئەمڕۆ 39مین رۆژە کە پلەی گەرما لە خوار پلەی سفرەوەیە، پلەی گەرمی ئاوەکەش نزیکەی دوو یان سێ پلەی ژێر سفرە. رووبارەکە بەستوویەتی. ئەمە یەکەم ساڵە کە مەلەوانی زستانە دەکەم، و دواتر مەلەکردن زیاتر و زیاتر خۆشتر دەبێت."
 
جین شان، مەلەوانێکی دیکەی نێو رووبارەکەیە و دەڵێت، "من هوهای جینشانم، 10 ساڵە دەستم بە مەلەکردن کردووە، و سوودێکی زۆرم بۆ جەستەم بەدەستهێناوە. دیمەنەکە جوانە، ئاوەکە گونجاوە و، خەڵک لێرەدا تێدەپەڕن. دوای نزیکەی 10 ساڵ لە مەلەکردن، جەستەم سوودی زۆری وەرگرتووە. لە سێ ساڵەی پەتاکەدا، توشی پەتاکە نەبووم. لە کاتی رۆژدا زیاتر لە 16 پلە لە ژێر سفردا مەلە دەکەم."
 
زانستی پزیشکی سەلماندوویەتی مەلە کردن لە سەهۆڵاو بەرگریی جەستە و سوڕی خوێن باشتر دەکات و، سترێس کەمدەکاتەوە.  بەڵام لە هەمانکاتدا شۆکە گەرمی دابەزێنەرەکەی بۆ کەسانی بەتەمەن و جەستە لاواز، هەندێکجار دەبێتە هۆی جەڵتە و مردنیش.