ترەمپ ناوی پیلۆسی لەگەڵ نیکی هەیڵی تێکەڵ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ترەمپ بەردەوامە لە هێرشکردنەسەر نیکی هەیڵی رکابەری و لە دوایین هەڵمەتی هەڵبژاردنی بەرایی تایبەت بە ویلایەتی نیوهەمشایەر، ناوەکەی لەگەڵ نانسی پیلۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا تێکەڵ کرد.
 
نیکی هەیڵی، بەربژێرێكی کۆماری بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا گوتی، "شەوی رابردوو لە هەڵمەتێكی هەڵبژاردنیدا، ترەمپ چەند جارێك ناوی هێنام، گوایە رۆژی هێرشەکەی سەر کۆنگرێس لە 6ی کانوونی دووەمی 2021 رێکاری ئەمنیی پێویستم نەگرتووەتەبەر و بە باشی مامەڵەم لەگەڵ ئاژاوەکان نەکردووە، لە کاتێکدا ئەو رۆژە لە واشنتنی پایتەخت نەبووم و تەنانەت هیچ پۆستێكی فەرمیشم نەبوو. پێیان گوتم، دیارە ترەمپ لەگەڵ نانسی پیلۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران تێکەڵی کردووم. بەڕێزان، ئێمە باس لە پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەکەین. ناکرێت کەسێك بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەڵبژێرین کاتێك گومانمان لە توانا عەقڵییەکانی هەبێت."
 
باسکردن لە توانا عەقڵی و جەستەییەکان بەردەوام چەکێکی بەردەستی ترەمپ دژی رکابەرە دیموکرات و کۆمارییەکانی بووە. ترەمپیش رەخنەی تووند لە نیکی هەیڵی دەگرێت.
 
لە وەڵامی هەیڵی، رۆژی 19-01-2024 دۆناڵد ترەمپ، بەربژێرێكی کۆماری بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا گوتی، "پێشتر گوتبووم کە ئەو باشە، بەڵام ئەو هیچ باش نییە. ئەو شیاوی پۆستی سەرۆکایەتی نییە، تەنانەت شیاوی ئەوە نییە بە جێگری سەرۆکیش دابنرێت."
 
بەپێی دوایین دوو راپرسیی باوەڕپێکراوی ویلایەتی هەمشایەر، هەیڵی لانیکەم بە 15 خاڵ لەدوای ترەمپەوەیە.
 
تادێت پێگەی ترەمپ لەنێو کۆمارییەکان بەهێزتر دەبێت، تەنانەت لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور کە هەیلی لە 2011 تاوەکو 2016 حاکمی بووە.
 
هێنری مەکماستەر، حاکمی کۆماریی ویلایەتەکە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆماری بۆ دەربڕینی پاڵپشتییەکانیان بۆ ترەمپ خۆیان گەیاندە ویلایەتی نیوهەمشایەر و رایگەیاند، "دوو سیناتۆری ئەمریکی و زۆرینەی رەهای خەڵکی کارۆلاینای باشوور، دۆناڵد ترەمپیان دەوێت. نیوهەمشایەر بۆ ترەمپە و کارۆلاینای باشوور-یش بۆ ترەمپە."
 
دەنگدەری نەخوێندەوار و خوێندەواری بێ بڕوانامە یەکێك لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی ترەمپ بوو لە ئایۆوا. لە نیوهەمشایەر، کە ئاستی خوێندەواری زیاترە تێیدا، بەدوور نازانرێت سوپرایزێك رووبدات و هەیڵی پێش ترەمپ بکەوێت، کە ئەگەر ئەمە روویدا، رکابەرییەکە پێدەنێتە قۆناخێكی ماوە درێژتر و سەختر.