سویسرا: پار زیاتر لە 52هەزار کۆچبەری نایاسایی هاتوونەتە وڵاتەکەمانەوە


رووداو دیجیتاڵ

سویسرا دەڵێت، پار زیاتر لە 52 هەزار کۆچبەر بەشێوەیەکی نایاسایی روویان لە وڵاتەکە کردووە. ئەوەش دەکاتە سێ هێندەی ساڵی 2021. 
 
نووسینگەی فیدراڵیی بۆ ئاسایشی سنوورەکانی سویسرا لە دوایین راپۆرتیدا کە رۆژی هەینی بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، "لە ساڵی 2022 دا 52 هەزار و 77 کۆچبەر بەشێوەیەکی نایاسایی سنووری وڵاتەکەیانیان بەزاندووە، ئەوەش لەکاتێکدایە لە ساڵی 2021 ژمارەکە 18 هەزار و 859 کەس بووە".
 
نووسینگەکە دەڵێت، بەرزبوونەوەی ژمارەی کۆچبەری نایاسایی لەو ماوەیەدا لە رێگەی سنووری رۆژهەڵات و باشووری وڵاتەکەوە بووە، کە هەریەکە لە ئیتاڵیا و نەمسا لەخۆدەگرێت. 
 
هاوکات، راپۆرتەکەی سویسرا باس لەوە دەکات کە زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی لەو ماوەیەدا روویان لە وڵاتەکەیان کردووە، کۆچبەری ئەفغانستانی و مەغریبی بوونە، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، کۆچبەری سووریشیان تێدابووە.
 
بەرپرسانی سویسرا باس لەوە دەکەن، لە ساڵی یەکەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا (2020)، 11 هەزار و 43 کۆچبەری نایاسایی روویان لە وڵاتەکەیان کردووە. دوای ئەوە، ژمارەی کۆچبەران کەمبووەتەوە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2021 کە لەو کاتەدا رێکارەکانی کۆرۆنا شلکرانەوە. 
 
لەبارەی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی قاچاخچێتی دەستگیرکراون، نووسینگەی فیدراڵی بۆ ئاسایشی سنوورەکانی سویسرا دەڵێت، لە ساڵی 2022 دا 476 "قاچاخچی" دەستگیرکراون. ئەوەش لەکاتێکدایە لە ساڵی پێشتردا 478 کەس بەو تۆمەتە دەسگیرکراون. 
 
لای خۆیەوە، میدیای سویسری باس لەوە دەکات، لە مانگی رابردوودا شەش هەزار کۆچبەریان دەستبەسەرکردووە و لەو ژمارەیەش 852 کۆچبەر دیپۆرتی وڵاتانی دراوسێ کراونەتەوە، لەنێویدا ئیتاڵیا 571 کەسی وەرگرتووەتەوە. 
 
رێگەی وڵاتانی بەڵکان یەکێکە لە رێگە خوازراوەکانی کۆچبەران؛ بەجۆرێک، بەگوێرەی ئاژانسی پاراستنی سنوورە دەرەکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا – فرۆنتێکس، لە کۆی 330 هەزار کۆچبەر کە لە ساڵی رابردوودا روویان لە یەكێتیی ئەوروپا کردووە، 145 هەزار یانیش 45٪ـیان بەو رێگەیەدا کۆچیان کردووە. ئەوەش بەراورد بە ساڵی پێشتر 136٪ زیادیکردووە.