تایوان: ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی چین بۆ سەر خاکەکەمان دەکەین

21-01-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نێردەی تایوان لە ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ میدیای ئەمریکا رایگەیاند، جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بووەتە وانەیەک بۆ ئەوان و هاوکارییان دەکات لە بەرگریکردن لە خۆیان لە ئەگەری هێرشی چین بۆ سەر ئەو دوورگەیە.
 
رۆژی شەممە 21-01-2023، شاو بیکیم، نێردەی تایوان لە ئەمریکا هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ میدیای ئەمریکی کرد و باسی لەوەکرد، تایوان لە دوای ئەوەی لە ئۆکراینا بینیویەتی، تێگەیشتووە لەوەی پێویستە توانای بەرگریی دوورگەکەی بەهێزتر بکات.
 
ئەو بەرپرسە تایوانییە گوتی: "هەموو شتێک کە ئێستا دەیکەین بۆ رێگەگرتنە لە دووبارەبوونەوەی ئەو ئازار و تراژیدیایەی ئۆکراینا لە تایوان. بۆیە دەمانەوێت رێگری لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی بکەین؛" باسی لەوەشکرد، بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە لایەن چینەوە بۆ چارەسەری کێشەکان کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێدەکەوێتەوە.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە پەیوەندییە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و تایوان کرد.
 
ئەوە لەکاتێکدایە کە چین لە ئابی رابردوودا کاتێک نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەو کاتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەردانی تایوانی کرد، تەواوی گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکا وەستاند و چەندین جار لە رێگەی مانۆڕی سەربازی و تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستی بە ئاسمانیی تایواندا هەڕەشەی لەسەر ئەو هەرێمە خۆبەڕێوبەرە دروستکرد.
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا کێڤن مکارتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پێویستە سەردانی تایوان بکات؟ شاو بیکیم، نێردەی تایوان لە ئەمریکا گوتی: "ئەوە بڕیاری خۆیەتی، بەڵام پێم وایە لە کۆتاییدا خەڵکی تایوان پێشوازییان لە میوانی تەواوی جیهان کردووە." 
 
تایوان لە ساڵی 1949ـوە لە چین جیابووەتەوە 
 
تایوان لە نزیکەوە چاودێریی ئۆکراینای لە جەنگەکەی دژی رووسیای کردووە؛ هەربۆیە ئێستا دەبێت لەوە تێگەیشت بێت کە لە ماوەی داهاتوودا پێویستە سوپاکەی بەهێزبکات. 
 
مانگی رابردوو، سای ئینگوین، سەرۆکی تایوان، ماوەی خزمەتی سەربازی زۆرەملێیی لە چوار مانگەوە بۆ ساڵێک زیاتر کرد و بودجەی وڵاتەکەشی بۆ کەرتی سەربازی بەرزکردەوە.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکەی شاو بیکیم، نێردەی تایوان لە ئەمریکا
 
پرسیاری یەکەم: "دەزانم زۆر هێڵی هاوتەریب لە نێوان دۆخی ئۆکراینا و تایوان هەیە، بەڵام کە سەیری رووداوەکانی تایوان دەکەیت یان کە بەرپرسانی تایوان سەیری رووداوەکانی تایوان دەکەن، چی وانەیەکی لێوە فێردەبن؟"
 
شاو بیکیم، نێردەی تایوان لە ئەمریکا: "هەموو شتێک کە ئێستا ئێمە دەیکەین بۆ رێگەگرتنە لە دووبارەبوونەوەی ئەو ئازار و تراژیدیایەی ئۆکراینا لە تایوان. بۆیە لە کۆتاییدا دەمانەوێت رێگری لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی بکەین، بەڵام لە خراپترین دۆخدا، ئەوە دەزانین کە پێویستە ئێمەش زیاتر ئامادەبین و هێزی بەرگریمان بەهێزبکەین بۆ رێگەگرتن لە هێرشێک کە دەکرێت ئازاری خەڵکی تایوان بدات. بۆیە لە نزیکەوە سەیری دۆخەکە دەکەین. ئێستا هەست و سۆزێکی زۆر بۆ خەڵکی ئۆکراینا هەیە. زۆر هاریکاری مرۆییمان لە خەڵکەکەی خۆمانەوە بۆ خەڵکی ئۆکراینا ناردووە. لە رووی بەرگری و ئاسایشەوە، فێربووین کە کاری زۆر بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخێکی ناجۆر پێویستە. ئۆکراینا ئەوەی سەلماند کە بەرگرییەکی زۆر باش دەکات، ئەوەش بۆ زۆر وڵات جێگەی چاولێکەرییە. ئێمەش دەستمان بە چاکسازیکردن لە هێزیی بەرگریمان کردووە تاوەکو لە زۆر رووەوە خۆڕاگر و بەهێز بێت. پێم وایە زۆر گرنگە کە پەیامێکی روون بۆ سەرکردەکانی خاوەن بڕیار بنێرین کە بەکارهێنانی هێز هەرگیز هەڵبژاردەیەکی باش نییە و هێز جێگەی قبووڵکردن نییە. بەکارهێنانی هێز کاردانەوەی بەهێزی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بە تایبەت بۆ سەر ئەو لایەنەی کە دەستی بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی کردووە." 
 
پرسیار دووەم: "ئەمریکا دەیان ساڵە سیاسەتێکی ناڕوونی ستراتیجی هەیە. ئەوەی بە ناڕوونی هێشتووەتەوە ئایا بە هێزی سەربازی وەڵامی چین دەداتەوە ئەگەر هێرش بکاتە سەر تایوان یان نا. ئایا ئەو سیاسەتە هێشتا خزمەت بەو ئامانجە دەکات کە هەیەتی؟"
 
 شاو بیکیم، نێردەی تایوان لە ئەمریکا: "ئاشتی پاراستووە. ئەو سیاسەتە دۆخێکی دروستکردووە کە هەرچەندە جیاوازی سیاسی زۆر زەقمان لە گەرووی تایواندا هەیە، هێشتا دەتوانین بە شێوەیەکی ئاشتیانە هەبین. لە رووی هاریکاری نێودەوڵەتییەوە، بێگومان خەڵکی تایوان پێشوازی لە هەر هاریکارییەک دەکەن کە یارمەتی هێشتنەوەی ئاشتی و سەقامگیری بدات بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانمان بکات. بەڵام، لە هەمان کاتدا لەوە تێدەگەین کە ئێمەش دەبێت پەرە بە توانای بەرگریی خۆمان بدەین ئەگەر چاوەڕێی هەرکەسێک بین هاوکاریمان بکات."
 
پرسیاری سێیەم: "ئایا پێویستە کێڤن مکارتی سەردانی تایوان بکات لە کاتێکدا کە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکایە؟"
 
وەڵام: "ئەوە بڕیاری خۆیەتی، بەڵام پێم وایە خەڵکی تایوان پێشوازییان لە میوانی تەواوی جیهان کردووە. تایوان ئێستا بە دۆخێکدا دەڕوات کە بەردەوام رووبەڕووی سەرکوتکاری چین دەبێتەوە لە سنوورە ئاسمانییەکانیدا. حکومەتی چین لە رێگەی کاریگەرییە سیاسییە جیهانییەکەیەوە دەیەوێت تایوان سنووردار بکات و رێگە نەدات پەیوەندی لەگەڵ جیهان بکات. دەبێت ئەوە بڵێم، وەکو بنەمایەکی گشتی، خەڵکی تایوان هەمیشە کراوەن بۆ بەخێرهێنانی سەردانکەری نێودەوڵەتی. هەربۆیە، پێم وایە زۆر گرنگە پەنجە بخەمە سەر ئەو راستییەی کە حکومەتی چین هیچ مافێکی نییە بڕیار لەسەر ئەوە بدات ئێمە چۆن لەگەڵ جیهاندا پەیوەندی دەبەستین. ئێمە کۆمەڵگەیەکین بەستراوینەتەوە بە جیهانەوە و پێم وایە خەڵکی تایوان شایەنی ئەوەن کە هاوڕێیان هەبێت. بەردەوام دەبین لە دروستکردنی هاوڕێ."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاگر لە دارستانەکانی مەسەدۆنیای باکوور

ئاگر لە مەسەدۆنیای باکوور زیاتر لە 100 هێکتار رووبەری دارستان دەسووتێنێت

دارستانی نۆڤۆ سێلۆ لە باشووری مەسەدۆنیای باکوور، لە سەرەتای ئەم مانگەوە چەندینجار ئاگری تێدا کەوتووەتەوە. لە سەرەتای ئەم مانگەشەوە ئاگر لە مەسەدۆنیای باکوور زیاتر لە 100 هێکتار رووبەری دارستانی سووتاندووە