چالاکڤانی ژینگەیی لە داڤۆس گردبوونەوە دەکەن؛ 'قسەکان بکەنە کردار'


رووداو دیجیتاڵ
 
ژمارەیەک چالاکڤانی ژینگەیی لە داڤۆس لەبەردەم شوێنی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی کۆڕبەندی جیهانی ئابووری گردبوونەوە. داوایان کرد بەرپرس و بازرگانانی نێو کۆڕبەندەکە قسەکانیان بکەنە کردار و دەڵێن، دەبێت چیدیکە بازرگانیی نەوت و گاز فراوان نەکرێت و ئەو پیشەسازییانەی دەبنە هۆی دەردانی گازی زیانبەخش و گەرمبوونی زەوی، سنوورداربکرێن.
 
عایشە سدیقە، چالاکڤانی ژینگەیی لە پاکستان دەڵێت، "ئاراستەی ئەم کۆبوونەوانە زۆر بێمانایە. خەڵک بە قات و بۆینباخی جوانەوە دەسوقڕێنەوە و باسی ئەوە دەکەن چۆن وەبەرهێنان لێرە و لەوێ دەکەن و قسەکانیشیان ناکەنە راستی. تەنیا بەهای راستەقینەی ئابووری کە هەمانە هەسارەکەیە، بەڵام ئەمانە سوورن لەسەر ئەوەی وێرانی بکەن."
 
چالاکڤانان لەو هەوڵەی بەشداربووانی کۆڕبەندەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا باسی دەکەن، بێ هیوابوون، دەڵێن زەوی لە لێواری مەرگدایە و هەرچی زوو دەست بە رزگارکردنی بکرێت درەنگە.
 
گریتا سەنبێرگ، چالاکڤانی ژینگەیی لە سوێد باسی لەوە کرد، "ئێمە ئێستا لە داڤۆسین، لەو شوێنەین ئەو خەڵکەی وێرانکردنی زەوی خێراتر دەکات. ئەو خەڵکەی وەبەرهێنان لە سووتەمەنیدا دەکات و چاوەڕێدەکەن ئێمە بۆ چارەسەری کێشەکان پشتیان پێ ببەستین."
 
لیسا نوباوەر، چالاکڤانی ژینگەیی لە ئەڵمانیا کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە، گوتی، "کاتێک سەیری پلانە بازرگانییەکانیان لە کەرتی سووتەمەنیدا دەکەین، زۆربەیان باس لە فراوانکردنی ئەو بازرگانییە دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە ئاژانسی وزەی جیهانی باس لەوە دەکات کە نابێت لە هیچ جێگەیەکی جیهان بازرگانیی سووتەمەنی فراوان بکرێت."
 
ئامانجی سەرەکیی گردبوونەوەکە زەقکردنەوەی ئەو ئامارە ترسناکانەیە رێکخراوە ژینگەییە جیهانییەکان لە چەند ساڵی رابردوودا هۆشدارییان لەبارەوە داون.
 
لەنێوچوونی گیانداران، پیسبوونی ئاو، زیادبوونی برسێتی، زیادبوونی کارەساتە سرووشتییەکان و توانەوەی بەستەڵەکەکان لەو رووداوانەن شارەزایانی بواری ژینگەی جیهان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و دەردانی گازە زیانبەخشەکان دەیگێڕنەوە. گوشاریش لە حکومەتەکان دەکەن، کار بۆ فرە رەهەندکردنی سەرچاوەی وزە بکەن و چیدی پشت بە سووتاندنی نەوت، خەڵووز و گازی زیانبەخش نەبەستن.