گالەری

21-01-2023
16 Photos
دیار کوردە @diyarkurda
 
رووداو - ناشڤیڵ
 
شارەوانیی ناشڤیڵی ئەمریکا تابلۆیەکی تایبەت بە مێژووی کوردی بەناوی (کوردی ئەمریکا لە ناشڤیڵ) دانا، کە ئەمە یەکەمجارە لە ئەمریکا تابلۆیەکی لەو شێوەیە بۆ کورد دابندرێت و ئەنجوومەنی شارەوانیی ناشڤیڵ بە پرۆژە بڕیارێک دانانی تابلۆکەی پەسند کردووە.
 
رۆژی شەممە 21-01-2023 لە رێوڕەسمێکدا لەبەردەم سەنتەری سەڵاحەدین لە ناشڤیڵ، دانانی تابلۆیەکی مێژوویی بۆ کورد لەلایەن ئەنجوومەنی شارەوانیی ناشڤیڵ راگەیێندرا. دیار کوردە، بەڕێوەبەری ئۆفیسی رووداو لە ئەمریکا گوتی، "بێجگە لە رەوەندی کوردی، سەرۆکایەتیی شارەوانیی ناشڤیڵ و ژمارەیەک کەسایەتی و بەرپرسانی فەرمانگەکانی ناشڤیڵ ئامادەی رێوڕەسمەکە بوون."
 
تابلۆی نیشانی مێژوویی چییە؟
 
تابلۆیەکە نزیکەی نیو مەتر چوارگۆشەیە، پارچەیەکی نووسین بە شێوەی هەڵکۆڵدراو لەسەری دەنووسرێت کە نزیکەی 480 پیت دەبێت، دەبێت نووسینی سەر تابلۆکە گرنگ و پشتڕاستکراوە بێت. هەروەها، لۆگۆی شارەوانیی شارەکەی لەسەر دەبێت.
 
تابلۆکە لە شوێنێک دادەندرێت کە باس لە مێژووی خەڵک، شوێنێک یان رووداوێک دەکات، کە پێگەیەکی مێژوویی لە شوێنەکەدا هەبێت، تاکە لایەن کە دەتوانێت ئەو تابلۆیە دابنێت، سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارەکەیە، ئەو شتەی کە تابلۆکەی بۆ دەکرێت واتە چ بۆ خەڵک بێت یان بۆ رووداوێک دەبێت، تەمەنی ئەو رووداوە یان بوونی ئەو خەڵکە لەو شوێنە دەبێت لانیکەم 50 ساڵ بێت لە شوێنەکەدا؛ هەروەها لە شەقامێکی گشتیشدا جێگیر بکرێت.
 
دانانی ئەو تابلۆیەش لە ناشڤیڵ لە کاتێکدایە، مێژووی چوونی کورد بۆ ناشڤیڵ بۆ حەفتاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، ناوچەیەک لە ناشڤیڵ هەیە بە (کوردستانی بچووک) ناسراوە و بەپێیی ئامارە نافەرمییەکان، زیاتر لە 15 بۆ 17 هەزار کورد لەو شارە دەژین.