رووداو دیجیتاڵ
رووسیا بە مووشەک کیێڤی پایتەختی ئۆکراینای کردە ئامانج و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و حەوتی دیکەش بریندار بوون. رووسیا دەڵێت، لە تۆڵەی ئەو هێرشانە بوون کە بە چەکی وڵاتانی رۆژئاوایی کرایە سەر رووسیا.
رۆژی هەینی، 20ـی کانوونی یەکەمی 2024، میدیای ئۆکراینا بڵاویانکردەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاژێر 07:00 بە کاتی وڵاتەکە (08:00) بەکاتی کوردستان، دەنگی چەندین تەقینەوە لە کیێڤی پایتەخت بیستراوە.
ڤیتاڵی کلیچکۆ، پارێزگاری شارەکە لەبارەی زیانە گیانییەکان باسی لەوە کرد، " لە ئەنجامی هێرشەکان کەسێک کوژراوە وحەوت کەسی دیکەش برینداربوون".
مسێرهی پۆپکۆ، بەرپرسی سەربازیی شارەکە رایگەیاند، رووسیا بە هەشت مووشەک هێرشی کردووەتە سەر کیێڤ لەنێویاندا مووشەکی کیشوەر بڕ و بالیستیی بەکارهێنراون.
سێرهی پۆپکۆ ئاماژەی بەوەدا، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکیەکە چەندین باڵەخانە زیانیان پێگەیشتووە.
بەرپرسانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکە رایانگەیاند، سیستمی بەرگریی وڵاتەکە لە بەرپەچدانەوەی هێرشەکان کاریکردووە.
دوای هێرشەکەش رووسیا رایگەیاند، پێگەکانی چەک و ئاسایشی ئۆکراینایان لە کیێڤ کردووەتە ئامانج "وەک وەڵامێک بۆ هێرشی ئەم هەفتەیەی ئۆکراینا بە مووشەکی رۆژئاوایی بۆ سەر دامەزراوە کیماییەکانی رووسیا لە باشووری وڵاتەکە".
وەزارەتی بەرگریی رووسیا گوتی، "لە وەڵامی کردارەکانی رژێمی کیێڤ، و پشتیوانیکراو لەلایەن هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی، ئەمڕۆ ژمارەیەک هێرش بە چەکی دوور مەودا ئەنجامدران."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ