رووداو دیجیتاڵ
دوایین کۆبوونەوەی یەکێتیی ئەورووپا رۆژی پێنجشەممە، لە برۆکسڵ بەڕێوەچوو، جەنگی ئۆکراینا، لێشاوی بەردەوامی کۆچبەرە سووریایییەکان و دۆخی ئێستای وڵاتەکە، مژاری سەرەکی کۆبوونەوەکە بوون .
کۆبوونەوەکە 27 سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکەی لەدەوری یەکدی کۆکردەوە و چەندین کێشەی کۆن و نوێیان تاوتوێکرد.
رووداو دۆخی کوردی لە سووریا و داهاتووی رۆژئاوای کوردستانی لە بەرپرسانی یەکێتی ئەورووپا پرسی.
لەوبارەوە کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی دۆخی سووریا گوتی: "سووریا وڵاتێکی فرە نەتەوەیە و چەندین گرووپی تێدایە و کوردیش یەکێکە لەو گرووپانە، بۆیە ئێمە لە ئوردن کۆبوونەوەمان لەگەڵ هەموو وڵاتانی عەرەبی، تورکیا و ئەمریکا کرد و پەیامەکەشمان روون بوو؛ هیچ لایەک نابێت دۆخەکە لە بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە و بەرژەوەندی هەمووان ئەوەیە وڵاتێکی سەقامگیر هەبێت، وڵاتێک ئاشتی تێدا بەرقەرار بێت و جەنگی نێوخۆیی تێدا نەبێت".
راوێژکاری نەمساش ئەگەری هێرشی زەوینیی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بە مەترسییەکی گەورە ناودەبات.
کارل نێهامەر، راوێژکاری نەمسا لەبارەی رۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوەدا، "سەرەتا، تۆ باسی بەشێکی گەورەی سووریا دەکەیت، هێشتا جێگەی سەرنجی تایبەتە. تۆ ئاماژەت پێکردووە؛ تورکیا بەرژەوەندیی ئاسایشی گەورەی هەیە، چونکە ئەمە لەلایەکەوە پەیوەندی بە شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەوە هەیە. لەلایەکی دیکەوە، چەندین میلیشیای کوردیش شان بە شانی ئەمریکییەکان دژی داعش شەڕیان کردووە. ئەمەش مانای وایە ئێستا دۆخێکی هەستیار لە ئارادایە".
سەرەڕای نیگەرانییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە گرووپە چەکدارەکان و داهاتووی سووریا، بەڵام یەکێتییەکە رژدە پەیوەندیی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق دابنێت.
رۆبێرتا میتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا لەبارەی دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا دەڵێت، "پێموایە ئەمە کارێکی باشە سەرکردەکانمان دەست بە گفتوگۆکردن لەگەڵ دراوسێکانی ناوچەکە دەکەن. ئەمە کارێکی باشبوو کە سەرۆکی کۆمیسیۆن سەردانی تورکیای کرد و قسەی لەگەڵ هاوتاکانمان لە ئوردن کرد، لە کانوونی دووەمدا منیش سەردانی ناوچەکە دەکەم".
سووریای سەردەمی بەشار ئەسەد، یەکێک بوو لە هاوپەیمانە بەهێزەکانی رووسیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. یەکێتیی ئەورووپا دەیەوێت لە شوێنی رووسیا، دەسەڵاتی خۆی لەناوچەکە قایم بکات. لە هەمانکاتدا ترسی لەوە هەیە هەڕەشەکانی تورکیا، لێشاوێکی دیکەی کۆچبەرانی بۆ ئەورووپا لێبکەوێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ