رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای کۆلۆرادۆ بڕیاریدا کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ناتوانێت وەک بەربژێری پارتەکەی، خۆی لە ویلایەتەکە بەربژێر بکات و بەوە تۆمەتباری کردووە کە لە هێرشکردنە سەر کۆنگرێس تێوەگلاوە.
رۆژی چوارشەممە 20ـی کانوونی یەکەمی 2023، دادگەی باڵای ویلایەتی کۆلۆرادۆ لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "زۆرینەی دادوەرانی دادگە پێیان وایە کە سەرۆک ترەمپ بەپێی مادەی سێی هەمواری چواردەی دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناتوانێت ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا."
ئەو مادەیەی دەستووری ئەمریکا کە ترەمپی پێ تۆمەتبار کراوە دەڵێت، هیچ کەسێک نابێت ببێت بە سیناتۆر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران یان بەربژێر بۆ سەرۆکی ئەمریکا و جێگری سەرۆک کە بە یاخیبوون دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تیوەگلابێت.
بڕیارەکەی دادگە تەنیا بۆ هەڵبژاردنی ئاداری ساڵی داهاتووی کۆمارییەکانە لە ویلایەتە کە تێیدا کۆمارییەکان بەربژێری خۆیان بۆ هەڵبژاردنی گشتیی سەرۆکایەتیی ئەمریکا هەڵدەبژێرن.
دوای بڕیارەکەی دادگەش ترەمپ بڕیارەیەکی بە "نادیموکراسی" ناوبرد و ئەوەشی راگەیاند کە تانە لە بڕیارەکەی دادگەی کۆلۆرادۆ دەدات.
ستیڤن چەنگ، گوتەبێژی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترەمپ گوتی، "ئێمە بە خێرایی لە دادگەی باڵای ئەمریکا تانە لە بڕیارەکەی دادگە دەدەین بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە نادیموکراسییە رابگرین."
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020دا دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن دوو بەربژێری سەرەکی بوون. دۆناڵد ترەمپ هەڵبژاردنەکەی دۆڕاند و دوای ئەوەش داوای لە لایەنگرانی کرد بڕژێنە سەر شەقام و ئەنجامی هەڵبژاردنەکە قبووڵ نەکەن و لە 6-1-2021 بەشێک لەلایەنگرانی ترەمپ هەڵیانکویاتە سەر کۆنگرێس.
ترەمپ چەند تۆمەتێکی دیکەی دراوەتە پاڵ کە بریتین لە بەلاڕێدابردن، دەستوەردان و رێگریکردن لەبەردەم هەڵبژاردن و بەشێکی ئەوانیش پەیوەندییان بە هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسەوە لە 6ـی کانوونی دووەمی 2021 هەیە.
ترەمپ کە بەربژێری سەرەکیی کۆمارییەکانە بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2024ـی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کراون بە"بێ بنەما" ناودەبات و بە دەستوەردانی سیاسیی هەڵبژاردن ناویان دەبات. بەگوێرەی نوێترین راپرسی، دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری دڵخوازی لایەنگرانی پارتی کۆمارییە لە ئەمریکا.
دادگەی کۆلۆرادۆ رایگەیاندووە، تاوەکو 4ـی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو دەتواندرێت تانە لە بڕیارەکە بدرێت و ئەگەر تاوەکو ئەو رێککەوتە، تانە لە بڕیارەکە نەدرێت ئەوا دەبێت بە بڕیار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ