کرواتیا؛ لە پاشماوەی بیرە قاییش دروست دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە زاگریبی پایتەختی کرواتیا لە کارگەیەکدا بە پاشماوەی بیرە بەرهەمەکانی قاییش دروست دەکرێن، خاوەنی بیرۆکەکە دوو گەنجی کرواتین، ئەو جۆیەی لە بەرهەمهێنانی بیرەدا فڕیدەدرێت ئەوان لە بەرهەمهێنانی قاییشدا بەکاریدەهێنن.
تامارا ڤوچیتیچ، یەکێکە لە خاوەن بیرۆکەکان و دەڵێت، "تاکە کەسین لە جیهاندا ئەو کارە دەکەین؛ نوێگەریمان لە بەرهەمهێنان و بەرهەمەکەمان کردووە. هیوادارین سروشتبەخش بین بۆ ئەوانی دیکە کە پاشماوەی پێویستیان هەیە بۆ ئەوەی بەشداری بکەن لە پیشەسازی مۆدەدا."
ئەو جۆیەی لە پاشماوەی دروستکردنی بیرەوە کۆدەکرێتەوە، وشکدەکرێتەوە. دواتر دەکرێتە بەرگێک لە شێوەی چەرم، بۆ دروستکردنی جانتا، جزدان و قاییشی کەمەر بەکاردەهێندرێت.
ئامانجی بیرۆکەکە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی پلاستیکە لەسەر ژینگە. لەوبارەوە ئەندرێ ماریچ، بەڕێوەبەری کارگەکە باس لەوە دەکات کە "پیشەسازی مۆدە یەکێکە لە سێ گەورەترین پیسکەرەکانی جیهان. بە دروستکردنی قایش لە پاشماوەی بیرە 50%ـی پاشماوەی پلاستیک کەمدەبێتەوە."
ساڵانە سێ ملیار لیتر بیرە لە کرواتیا بەرهەمدەهێندرێت، کە 300 هەزار تۆن پاشماوەی هەیە.