سوپای ئۆکراینا داوای 500 هەزار سەرباز دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، بۆ بەردەوامبوونی سوپای وڵاتەکەیان لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی سوپای رووسیا، سوپای ئۆکراینا داوای نزیکەی 450 بۆ 500 هەزار کەسی دیکە دەکات، بێنە ریزەکانی سوپای وڵاتەکە.
رۆژی چوارشەممە، 20 کانونی یەکەم، 2023 ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند: سوپای وڵاتەکە داوای 450 هەزار بۆ 500 هەزار هاووڵاتی دیکە دەکات بۆ ئەوەی بێنە ریزەکانی سوپای وڵاتەکەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتاییان لەو بارەیەوە نەداوە.
ئەو گوتانەی سەرۆکی رووسیا دوای ئەوە هاتن، کە بەرپرسانی ئۆکراینا ئاشکرایانکرد، لە سەرەتای ئەم مانگەوە رووسیا پێنج جار هێرشی ئاسمانی کردووەتەسەر ناوچەکانی ئەو وڵاتە. هەروەها دەشڵێن، رووسیا لە رێگەی بەکارهێنانی درۆنەوە هێرشیانکردووەتەسەر ناوچەکانی ئۆدیسا، خیرسۆن و چەندین ناوچەی دیکە و هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیش توانیویانە لەکۆی 19 درۆنی رووسیا 18یان بخەنە خوارەوە.
هەفتەی رابردوو، زیلینکسی لە ئەمریکا بوو بۆ رازیکردنی کۆنگرێسی ئەمریکا لە پێدانی 60 ملیار هاوکاری سەربازی ئەمریکی بۆ سوپاکەی، بەڵام میدیای ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات سەرۆکی ئۆکراینا سەرکەوتوو نەبووە لە هەوڵەکانی. ئەمەش لەکاتێكدایە هەر هەفتەی رابردوو لە لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا، ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، هاوکاری سەربازی یەکێتییەکەی بۆ ئۆکراینا بلۆککرد، کە بریتی بوو لە 50 ملیار یۆرۆ.
24ـی شوباتی ساڵی رابردوو شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد. بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 10 هەزار کەسی سڤیل لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کوژراون.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەش کە لەلایەن ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، لە سەرەتای جەنگەکەوە 70 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون و 130 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لە سوپای رووسیاش، 120 هەزار سەرباز کوژراون و 280 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون.