لە لەندەن جەنجاڵی بووەتە هۆی زیادبوونی ژمارەی بەکارهێنەرانی ماتۆڕی کارەبایی

رووداو دیجیتاڵ

ماوەیەکە شێوەیەکی نوێی ماتۆڕی کارەبایی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا دەرکەوتوون، کە لە شەقامە جەنجاڵەکاندا زوو خۆیان رزگار دەکەن و کاڵای خەڵک لەکاتی خۆیاندا دەگەیێنن.
 
بازرگانان لەبەر ئەو جەنجاڵییەی لە شەقامەکانی لەندەن هەیە، هیچ رێگەیەکی دیکەیان نەماوە، جگە لە پەنابردن بۆ ئەم ماتۆڕانە.
 
جۆو شارپ، دامەزرێنەری کۆمپانیایەکە بەناوی zhero کە تایبەتە بەو جۆرە ماتۆڕانە، ئەو دەڵێ "دەتوانین خێراتر بەنێو ترافیکدا تێپەڕین. خێراتر بەنێو شارۆچکەدا بسووڕێینەوە. لەسەرووی هەمووشیانەوە تێچووی سوودبینین لە خزمەتگوزارییەکانمان بۆ خەڵک کەمترە."
 
بەرپرسانی لەندەن دەڵێن، بەکارهێنانی ئەم ماتۆڕە کارەباییانە دەکرێت ساڵانە رێگری لە بڵاوبوونەوەی 30 هەزار تۆن دوانۆکسیدی کاربۆن بکات.
 
ئەوەی لە لەندەن ڤان یان بارهەڵگری هەیە و کردوویەتی بەم ماتۆڕە بچووکانە، پەشیمان نەبووەتەوە.
 
بێن هیوم، بۆڕیچییە، یەکێکە لەوانەی ئەو جۆرە ماتۆڕانە بەکاردەهێنێ، دەڵێ 'کە لەنێو قەرەباڵخی گیردەخۆین، دەکەوینە ژێر گوشاری زۆرەوە. ئەگەر ئەو رۆژە کاری زۆرم هەبێت و درەنگ بکەوم، بە ماتۆڕەکەم دەزانم چ کاتێک دەگەم، ئینجا بە خولەکێک یاخود دوو خولەک."
 
هەرچەندە بە شەقامەکانی لەندەنەوە دیارە برەو بە ماتۆڕی کارەبایی دەدرێت، بەڵام هێشتا لەدوای هەریەک لە ئەڵمانیا، دانیمارک و هۆڵەندایە.
 
لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2023 بەکارهێنانی ماتۆڕی کارەبایی لە بەریتانیا بەڕێژەی 30٪ زیادیکردووە.