رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی بەرپرسانی رووسیا، 16 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی وڵات بەربژێرکردووە کە بڕیارە لە ئاداری داهاتوودا بەڕێوەبچێت. سەرۆکی رووسیاش بەهێزترین بەربژێری هەڵبژاردنی داهاتووە.
رۆژی چوارشەممە 20 کانونی یەکەم 2023، میدیای فەرمی حکومەتی رووسیا لە زاری ئیلا پامفیلۆڤا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ناوەندی رووسیا بڵاویکردەوە، "تاوەکو ئێستا 16 فۆرمی بەربژێرانیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەدەست گەیشتووە".
لە گوتەکانیدا سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ناوەندی رووسیا ئاشکرایکردبوو کە سندووقی دەنگدان لەو ناوچانەی ئۆکراینا دادەنێن کە لەژێر دەسەڵاتی رووسیادان کە بریتین لە نیمچە دوورگەی کریمیا، دۆنێستک، خیرسۆن، لوهانسک، میکۆلایڤ و زاپۆریژیان.
بەگوێرەی میدیای رووسیا، پێش 27ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ پێویستە ئەوانەی خواستی بەربژێربوونیان هەیە فۆرمی داواکاری پێشکێش بکەن و هەڵبژاردنەکەش رۆژی 15ی ئاداری داهاتوو دەستپێدەکات و سێ رۆژ بەردەوام بێت.
بە گوێرەی دەستوری رووسیا، بەربژێرانی سەرۆکایەتی وڵات دەتوانن ببنە بەربژێری پارت و گرووپەکان بە مەرجێک ژمارەی ئەندامانیان لە 500 کەس کەمتر نەبێت. هەروەها، ئەوانەی بە سەربەخۆ خۆیان بەربژێردەکەن پێویستیان بە کۆکردنەوەی واژۆی 500 هەزار کەس دەبێت. ئەو مەرجە ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە پێشتر سەرۆکی رووسیا بووبن یان لە هەر پۆستێکی دیکەی وڵاتەکەدا بووبن.
دیاریترین بەربژێرانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رووسیا کێن؟
رۆژی 16ی کانوونی یەکەم، میدیای فەرمی حکومەتی رووسیا بڵاویکردەوە، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ئێستای رووسیا خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتووی وڵاتەکە بەربژێرکردووەتەوە. پێشتریش ساڵی 2018 لە رێگەی کۆکردنەوەی وژۆی لایەنگرانی و ساڵی 2012 لە رێگەی پارتی یەکگرتووی رووسیا خۆی بەربژێری سەرۆکایەتی وڵاتەکە بوو.
بە گوێرەی میدیای رووسیا، ڤلادیمیر پووتین لەلایەن گرووپێکەوە پاڵپشتی دەکرێت کە بەشێک لە سەرکردەکانی پارتی یەکگرتووی رووسیای دەسەڵاتدار و ژمارەیەک ئەکتەر، گۆرانیبێژ، وەرزشڤان و کەسایەتی دیاری دیکەی وڵاتەکەی تێدایە.
هەروەها، ئەگەر ڤلادیمیر پووتین بتوانێت هەڵبژاردنی داهاتووی وڵاتەکەی بباتەوە، ئەوا دەبێتە پێنجەم هەڵبژاردنی یەک لەدوای یەک کە سەرکەوتنی تێیاندا تۆمار بکات.
رۆژی 19ی کانوونی یەکەم، پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی رووسیا لیۆند سلوتسکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی رووسیایان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی وڵاتەکە بەربژێر کرد. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی رووسیا لەکۆی 106 دەنگی ئەندامانی پارتەکەی 106 دەنگی بەدەستهێنا. دوای هەڵبژاردنیشی وەکو بەربژێر، لیۆند سلوتسکی رایگەیاند: لە دەنگەکانی سەرۆکی ئێستای رووسیا نابات و پێشبینیشی سەرکەوتنێکی گەورەشی بۆ کرد.
رۆژی 19ی تشرینی دووەمی 2023، ئیگۆر گیرکین، رۆژنامەڤانی نەتەوە پەرستی رووسیا کە ئێستا بە تۆمەتی تووندئاژۆیی لە بەندینخانەکانی رووسیادایە ئامادەیی خۆیی بۆ بەربژێربوونی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی رووسیا راگەیاند.
هەمووارکردنەوەی دەستووری رووسیا و بەربژێربوونەوەی ڤیلادیمیر پووتین
5ی نیسانی 2023، ڤیلادیمیر پووتین یاسایەکی نوێی لە دەستووری وڵاتەکەیدا واژۆ کرد کە رێگە بە دووبارە بەربژێربوونەوەی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی رووسیا دەکاتەوە.
بە گوێرەی یاسا هەموارکراوەکەی رووسیا، ڤلادیمیر پووتینی تەمەن 71 ساڵان، دەتوانێت بۆ دوو هەڵبژاردنی دیکەش خۆی بەربژێر بکاتەوە، بە دەرچوونی دەتوانێت تاوەکو ساڵی 2036 لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ئێستای رووسیا لە ساڵی 2000 تاوەکو 2008 سەرۆکی رووسیا بوو، پاشان ساڵی 2008 بۆ 2012 سەرۆکوەزیران بوو، دواتریش لە ساڵی 2012ەوە بووە سەرۆکی رووسیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ